ئازاد تۆفیق: سایلۆی هەڵەبجە بۆشاییەکی گەورەی ناوچەکە پڕ دەکاتەوە

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە

پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، سایلۆی هەڵەبجە کە بە بڕی 27 ملیار دینار دروست دەکرێت و 400 هەزار تۆن گەنم ساڵانە لەخۆ دەگرێت و بۆشاییەکی گەورەی ناوچەکە پڕ دەکاتەوە.

یەکشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2024، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، لە دانانی بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجە بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند، جێگای شانازییە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەماوەی چوار مانگدا، دووجار سەردانی هەڵەبجەی کردووە، لە یەکەمین سەردانیدا سەرۆکوەزیران لە 22ی شوباتی ئەمساڵدا بۆ هەڵەبجە، ئێمە نۆ خاڵمان پێشکەشیان کرد، من گوتم، ئەگەر 20 خاڵیش بووایە هەر بۆی جێبەجێ دەکردین. ئەم سەردانەشی بۆ کردنەوەی سایلۆی هەڵەبجەیە کە بە بڕی 27 ملیار دینارە دروست دەکرێت و 400 هەزار تۆن گەنم ساڵانە لەخۆ دەگرێت".

پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، "دەڤەری هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان بە کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بە ناوبانگە، ئەم سایلۆیە کە دەکرێتەوە بۆ ئەم شارە بۆشاییەکی گەورەمان بۆ پڕ دەکاتەوە، جگە لەوەی کە دەبێت سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بکەین، پێویستە سوپاسی وەزارەتی بازرگانی کەمال موسیلم، عەلی عوسمان، جێگری وەزارەتی بازرگانی بکەین، کە لەگەڵ کردنەوە و دانانی بەردی بناغەی ئەم سایلۆیەدا بوون".

ئازاد تۆفیق دەشڵیت، "هیوادارین ئەم دوو سەردانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەم چوارمانگەدا بە بەرهەمی باشتر و دەستی پڕ ئاوەدانی زیاتری بۆ شارەکەمان و پاریزگاکەمان تێدا بێت".

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا لە پارێزگای هەڵەبجە، بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجەی دانا.

پڕۆژەی سایلۆی هەڵەبجە بە گوژمەی (27,203,220,000) دینار لەلایەن هەر دوو کۆمپانیای ئەدمین و (ABP TDS) جێبەجێ دەکرێت.

سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەندە زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی داوە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستەش ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە تەواو نەکراون. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە ئەم ڕێکارانە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت.

 

Fly Erbil Advertisment