ڕێبەر فەتاح: حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر پاراستنی ئاسایشی خۆراک دەکات

شارەزایەکی ئابووری ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک و نەتەوەیی دەکات.
دووشەممە، 1ـی تەمووزی 2024، د. ڕیبەر فەتاح، شارەزای ئابووریی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کردنەوەی سایلۆ یەکێکە لە پێداویستییەکان و تەواوکراوەکانی ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان، دواتر ئاسایشی خۆراک ئابووری و نەتەوەیشی بەیەکەوە گرێداوە.
بەگوتەی ئەو شارەزایە، "گەنم ڕۆڵێکی سەرەکی لە ئاسیشی خۆراک دەبینێت، هەر لەبەر ئەوە بەرهەمهێنانی گەنم لە هەرێمی کوردستان زۆرە و بە بازارکردنیشی زۆر باشە. ئەوەش هۆیەکە کە وای کردووە فرۆشتن و بازاڕکردنی ئاسان بێت".
ئەو شارەزایە دەڵیت: "دروستکردنی سایلۆی هەڵەبجە بەرهەمهێنانی گەنم زۆر دەکات، بۆ ئەوەی ئەو گەنمە زیادەی کە دەمێنیتەوە بکەوێتە ناو بەرهەمی پیشەسازیی خۆراکی هەرێمی کوردستان گەشە بکات".
ڕێبەر فەتاح ڕاشیگەیاند، "دروستکردنی سایلۆ، نەخشەڕێی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و نەخشەڕێی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەی داهاتی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت، پشتبەستنی ئێمەش تەنیا بە نەوت بێت وەکو ئەوە وایە ئێمە بکەوینە ناو قەیران لە دوای قەیران".
ڕۆژی یەکشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا لە پارێزگای هەڵەبجە، بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجەی دانا.
پڕۆژەی سایلۆی هەڵەبجە بە گوژمەی (27,203,220,000) دینار لەلایەن هەر دوو کۆمپانیای ئەدمین و (ABP TDS) جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا "هەرچەندە زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی داوە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستەش ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە تەواو نەکراون. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە ئەم ڕێکارانە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت".