شارەزایەکی وزە: عێراق بۆ هاوردەکردنی گاز پشت لە ئێران دەکات
شارەزایەکی ئێرانی لە کاروباری وزەدا ڕایگەیاند، ئەگەر حکوومەتێکی نوێش لە ئێران پێک بێت، هێشتا ناتوانێت کێشەکانیان لەگەڵ عێراق سەبارەت بە هەناردەکردنی گاز چارەبکەن. ئەوەش لەبەر ئەو سزایانەی ئەمەریکا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە.
میرقاسم موئمینی، بە ئاژانسی هەواڵی "ئیلنا"ـی گوت: ئێمە گاز هەناردەی چەند وڵاتێک دەکەین، بەڵام لەگەڵ عێراق ڕووبەڕووی هەندێک کێشە دەبینەوە، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە ئێمە لە عێراق کێشەی وەرگرتنی پارەی هەناردەمان هەیە، بانکە عێراقییەکان ناتوانن پارە بۆ گازی کڕدراو بە ئێران بدەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمەریکا سزای بەسەر چەند بانکێکی عێراقیدا سەپاندووە بەهۆی گواستنەوەی پارە بۆ ئێران، ئەم پرسەش کێشەیەکی جددی بۆ عێراقییەکان دروست کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، پرسی دووەم ئەوەیە کە عێراق خۆی بەرهەمهێنەری نەوت و گازە، کۆمپانیا ئەوروپی و ئەمەریکییەکانیش چالاکانە کاردەکەن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی وزە کە لە دوای جەنگ و هێرشی ئەمەریکا زیانیان بەرکەوتووە.
ئەو شارەزای بواری وزە گوتیشی: ئەمڕۆ عێراق زیاتر لە ئێران نەوت هەناردە دەکات، بەهۆی پەرەسەندنی کێڵگە گازییەکانی ئێستە، ڕەنگە لە چەند ساڵی داهاتوودا گازیش هەناردە بکات.
موئمینی ڕاشیگەیاند: عێراق هەوڵ دەدات، بە لەبەرچاوگرتنی کەش و هەوا و سیاسەتی حوکمڕانی و ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، پشتبەستنی بە ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر کەم بکاتەوە، چونکە دەسەڵاتی ئەمنی عێراق و هەندێک حزب و گروپ لەم کارەدا پێیان وایە پشتبەستنی عێراق بە گازی ئێران کاریگەری لەسەر دۆسیەی سیاسی و ئەمنیی هەبووە. ئەم وابەستەییە پێگەی سیاسی عێراقیشی لاواز کردووە، هەر لەبەر ئەم هۆیەش بیر لەوە دەکەنەوە کە گازی ئێران بە گازی ئازەربایجان و کازاخستان بگۆڕن، یان گازێک کە لە ڕووسیاوە بۆ تورکیا دەنێردرێت، بە شێوەیەکی ڕوونتر، دۆسیەی ئەمنیی و سیاسی لە پشت پەردەی ئەم پلانانەدا هەیە.
شارەزاکەی بواری وزە دەشڵێت: سەبارەت بە کاریگەری گۆڕانی بارودۆخی سیاسی ئێران لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی لە پەرەپێدانی هەناردەکردنی گاز، پرسی گرێبەستی نەوت و گاز وەک کاڵاکانی تر نییە، کە لە ماوەی چەند مانگێکدا یان تەنانەت گرێبەستی گازی ساڵێک یان دوو ساڵ جێبەجێ بکرێت، هەروەها پێویستی ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی ئەمنی هەیە، بۆیە ئەگەر بڕیارە ئەو لوولەیە لە ئەفغانستان و تورکیاوە بۆ پاکستان یان بۆ عێراق و وڵاتانی کەنداو دروست بکرێت، ناتوانرێت بگەڕێنەوە و جارێکی دیکە بچنەوە ئێران بۆ کڕینی گاز.
ئەم شارەزایە جەختی کردەوە، ئێمە دەرفەتمان لەدەست داوە بۆ ئەوەی ببینە ناوەندی وزە لە ناوچەکەدا، تورکەکانیش جێگەی ئێرانیان گرتەوە و بوونە ناوەندێک بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی گاز، تورکیا گازی لە ڕووسیا و ئازەربایجان و کازاخستان و تورکمانستان و ئێرانەوە دەست دەکەوێت و نەک هەر پێداویستییەکانی خۆی دابین دەکات، بەڵکو بە نرخێکی گرانتر بە شێوازی جۆراوجۆر هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکات و بەم شێوەیە داهاتی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی زۆر بەدەست دەهێنێت، بۆیە ئەگەر ئەمڕۆش پەیوەندییەکانمان لەگەڵ جیهان باشتر بکەین و هەوڵی لابردنی سزاکان بدەین، کێشەکەمان چارەسەر نابێت، چونکە ژێرخانی گرێبەستی نوێ و یاداشتی نوێ پێویستن، کە هەموو ئەمانە کاتێکی زۆریان دەوێت.