هۆڵەندا بەشێوازێكی تایبەت بۆ رووبەڕبوونەوەی رۆمانیا مەشقی كردووە

هەڵبژاردەی هۆڵەندا دوای ئەوەی نەیتوانی لە قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆی 2024 ئاستێکی باش پێشکەش بکات، لە کۆتاییدا چانسی ئەوەی بەرکەوت وەکو سێیەمی کۆمەڵەی چوارەم بلیتی قۆناغی شازدەی پاڵەوانێتیەکەی بەدەستبهێنێت، ئەمجارەیان لەم قۆناغە رووبەڕووی رۆمانیا دەبێتەوە.
رۆمانییەكان بەهێزەوە دەستیان پێكرد
رۆمانیەکان زۆر بە باشی دەستیان بە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا کرد و لە یەکەم یاریی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام لە ئۆکرانیایان بردەوە، پاشان بەرامبەر بەلجیکا دۆڕان و دواتر لەگەڵ سلۆڤاکیا یەکسانبوون و لە کۆتاییدا وەکو پێشەنگی کۆمەڵەی پێنجەم گەیشتنە قۆناغی شازدە.
رۆناڵد کومان راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، ئەوان دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر نەمسا نائومێد بوون، بەڵام ئێستا هەمووان بە ورەیەکی زۆر ئامادەکاریان بۆ ئەو یارییە کردووە و بەڵێنیان بە هاندەران داوە، قەرەبووی ئەنجامە خراپەکان بکەنەوە.
پرتەقاڵییەكان بە ورەیەكی بەرزەوە
رۆناڵد کومان، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات دوای یارییەکەیان بەرامبەر نەمسا هەمووان نائومێد بوون، چونکە دۆڕان و پاشان هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە ڕووی نەدا، دەشڵێت: ئێستا هەمووان دەزانن دەبێت ئاستێکی باشتر پێشكەش بکەین، باسمان لەم بابەتە کردووە و لەسەر ئەو بنەمایە مەشق و ئامادەکاریمان کردووە. یاریزانەکان بەڵێنیانداوە ئاستێکی باشتر پێشکەش بکەن و قەرەبووی ئەنجامە لاوازەکانی کۆمەڵەی یەکەم بکەنەوە ''.
مێژوو لە بەرژەوەندی هۆڵەندایە
هەردوو هەڵبژاردەی هۆڵەندا و رۆمانیا پێشتر تەنها یەکجار لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، ئەویش یۆرۆی ساڵی 2008 بوو و لەو یارییەش هۆڵەندییەکان توانیان یارییەکە بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام ببەنەوە.
هەردوو هەڵبژاردە چانسێکی باشیان لە بەردەمە بۆ گەیشتن بە قۆناغەکانی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، براوەی نێوانیان لە قۆناغی چارەکی کۆتایی، رووبەڕووی براوەی نیوان نەمسا و تورکیا دەبێتەوە و پاشانیش لە قۆناغی پێشکۆتایی، بەرامبەر ئینگلاند یاخود سویسڕا یاریی دەکەن.
