راهێنەری نەمسا هەڕەشە لە توركیا دەكات

هەڵبژاردەی تورکیا دوای نزیکەی 16 ساڵ، جارێکی دیکە توانی قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا تێپەڕێنێت، ئەو هەڵبژاردەیە لە کۆمەڵەی شەشەمی پاڵەوانێتیەکە توانی لە دوای پۆرتوگالی پێشەنگ، پلەی دووەمی کۆمەڵەکە بەدەست بهێنێت، ئەمجارەیان لە قۆناغی شازدە رووبەڕووی نەمسا دەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە هەڵبژاردەی نەمسا کە لە کۆمەڵەی مەرگ توانی پێشەنگایەتی بەدەست بهێنێت، کەم کەس هەبوو پێشبینی ئەوە بکات ئەو هەڵبژاردەیە لە نێوان فەرەنسا و هۆڵەندا وەکو پێشەنگی کۆمەڵەکە سەردەکەوێت، ئەو هەڵبژاردەیە دووەمجارە لەسەر یەک دەگاتە قۆناغی شازدەی یۆرۆ.
راڵف رانگنیک راهێنەری هەڵبژاردەی نەمسا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، زۆر کەس پێیانوابوو ئێمە ناتوانین لە قۆناغی کۆمەڵەکان سەرکەوین، بەڵام دەبینی ئێستا کێبڕکێی لەسەر گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی دەکەین.
راڵف رانگنیک، راهێنەری هەڵبژاردەی نەمسا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات رایگەیاند زۆر كەس پێیانوابوو ئەوان توانای ئەوەیان نییە لە قۆناغی كۆمەڵەكان سەربكەون، دەشڵێت: ئێمە بە شایستەیی ئەم قۆناغەمان تێپەڕاند و ئێستا کێبڕکێی لەسەر گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی دەکەین، هەڵبژاردەکەمان پێشتر هەرگیز قۆناغی چارەکی کۆتایی تاقی نەکردووەتەوە، بۆیە گەیشتن بەم قۆناغە شانازییەكی گەورە دەبێت.
لە لایەكی دیكەیشەوە هەڵبژاردەی تورکیا شەشەمجارە بەشداریی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا دەکات و سێیەمجارە قۆناغی کۆمەڵەکان دەرباز دەکات، کە لە ساڵی 2008 گەیشتووەتە قۆناغی پێشکۆتایی، لە بەرامبەردا نەمساش دووەمجارە دەگاتە قۆناغی شازدە.
هەردوو هەڵبژاردەی تورکیا و نەمسا جاری یەکەمیانە لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، بەڵام پێشتر لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆ و جامی جیهانی، یازدە یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، تورکیا خاوەنی پێنج بردنەوەیە و نەمساش لە چوار یاریی براوە بووە.

راڵف رانگنیک راهێنەری هەڵبژاردەی نەمسا
راڵف رانگنیک راهێنەری هەڵبژاردەی نەمسا

 

Fly Erbil Advertisment