مشک و جرج جووتیارانی مەریوان مایەپووچ دەکەن

جوتیارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
جوتیارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە گوندەکانی دەوروبەری شاری مەریوانی پارێزگای سنە، مشک و جرج زیانێکی زۆریان زەوییە کشتوکاڵییەکان و بەرهەمی جووتیاران گەیاندووە و لە هەندێک ناوچە بەر لە دروێنە زەوییە بە گەنم داچێندراوەکانیان داژنیوە.

جوتیارانی ناوچەکە و تەنانەت پیرە پیاوانیش بەبیریاندا نایەت لە تەمەنی ئەواندا بەو ڕادەیە جرج و مشک زۆر بوو بێت و زیانی بە کشتوکاڵ گەیاندبێت.

ئەمساڵ لە گوندەکانی دوروبەری زرێباری ناوچەی مەریوان جرج و مشک هێندە زۆر بووە و زیانێکی زۆریان بە جووتیاران گەیاندووە.

جووتیارانی بە ئەزموون دەڵێن هۆی ئەم دیاردەیە، زۆریی بارانی بەهاری و زوو توانەوەی بەفرەکانە. مشکەکان لەگەڵ ئەوەی هێندە زۆرن بەڵام وەبەرچاو ناکەون و تەنیا کونەکانیان بەڕادەیەک زۆر دەردەکەوێت، وەک بڵێی زەوییەکان بوونەتە بێژنگ.

جوتیارێکی سنووری مەریوان بە ناوی حامید کیانی دەڵێ "مشک و جرج زیانێکی زۆریان بە بەرهەمی گەنم گەیاند، بەڵام زیانەکانی بۆ وێنجە بەراورد بە گەنم کەمترە، چونکە وێنجە دووبارە سەر دەردەکاتەوە، بەڵام گەنم کە قرتا جارێکی دیکە سەوز نابێتەوە تا گەڵا و گوڵ دەربکاتەوە. ئێستاش ئەو گەنمەی خۆم دامچاندبوو، پاش ئەو هەموو ماندویی و خەرجییەی کردم، لە کۆتاییەکەی بی دانەوێڵە بووم و تەنیا وەک گژو گیا دروێنەم کرد، ئەویشی وەک پێویست نەبوو".

زۆر بوونی مشک بووەتە هۆی ئەوەی لەقلەقکانیش بۆ ڕاوە مشک بێنە ئەو ناوچەیە، بەڵام ژمارەی مشکەکان گەلێک زۆرە و ڕاوە مشکی لەقلەقەکانیش نەیتوانیوە قەلاچۆ یان ژمارەیان کەم بکاتەوە.

مام عەبدوڵلا کە جووتیارێکی دیکەی ناوچەکەیە بەدیار زەوییە ڕووتاوەکەیەوە باس دەکات کە ئەم ساڵ پارچە زەوییەکی کردووەتە گەنم، بەڵام مشک هەموو بەرهەمەکەی لێ خواردووە و بەشی دروێنەی بۆ ئەو نەهێشتووەتەوە.

عەبدوڵلا ئیزەدی دەشڵێت "کاتی دروێنە خۆمان ئامادە کرد بۆ ئەوەی دروێنەی گەنمەی ئەم ساڵ بکەین، بەڵام کە چووم مشک زەوییەکەی داتاشی بوو و هیچی تێدا نەمابوو، بە ناچاری دەستم هەڵگرت و زەوییەکەم جێهێشت، چونکە ئەو شوێنەی مشک قرتاندووە وەک ئەوەیە دروێنە کرابێت".

جووتیارانی بەساڵاچووش بەبیریاندا نایە لە ژیانیاندا ئەم ژمارە زۆرەی مشکیان لە دەشتایی و زەوییەکانی مەریوان دیتبێ، ئەویش بە شێوەیەک کە بەرهەمی کێڵگەی گەنم بە تەواوی بخۆن و هیچ بۆ دروێنە و ماندوو بوونی جوتیارەکان نەهێڵنەوە.

ئەندازیارانی فەرمانگەی جیهادی کشتوکاڵ بە جووتیارانیان گوتووە تاکە ڕێگە ئەوەیە مشکەکان ژەهرخوارد بکەن، بەڵام جووتیاران ئەو ڕێگەیەشیان تاقیکردووتەوە و دەڵێن ژەهریش نەیتوانیوە قڕیان بکات.