حەییان عەبدولغەنی: لەگەڵ سامانە سرووشتییەکان گفتوگۆمان لەسەر هەموارکردنەوەی گرێبەستی کۆمپانیاکان کردووە

K24 – لەندەن:

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لە دوو هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی چڕیان هەبووە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەبارەی دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی (2ـی تەمموزی 2024) حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێڕاق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوامین و هیوادارین لە ئاییندەیەکی نزیکدا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.

حەییان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو ڕێککەوتنەی ئیمزا کراوە لە نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە، بنەمای گفتوگۆکانە.

هەروەها وەزیری نەوتی عێراق جەختی کردەوە: لە کۆبوونەوەکاندا بە بەشداری کۆمپانیاکان گفتوگۆی ڕاشکاوانە و بنیاتنەرانەیان کردووە و ئاشکراشی کرد: گفتوگۆیان لەبارەی هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانیش کردووە بۆ گونجاندنی لەگەڵ گرێبەستەکانی حکوومەتی عێراق.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، حەییان عەبدولغەنی ڕایگەیاند: تێگەیشتن هەیە بۆ کڕینی غازی بەرهەم هاتوو لەلایەن کۆمپانیای دانەگاز بە مەبەستی بەرهەمێهانی کارەبا، کە ئەو کۆمپانیایە گرێبەستی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.

زیاتر گوتی: هەرچەندە عێراق گاز لە ئێرانی دراوسێی دەکڕێت، بەڵام پێویستی بە قەبارەی زیاتری گاز هەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بۆیە لە داهاتوودا گرێبەستی زیاتر لەو بوارە ئەنجام دەدەن.

لەبارەی وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزیری نەوتی عێراق گوتی: هیچ وادەیەکی دیاری کراو نییە بەڵام هیچ دابڕانێک نییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەردەوام لەگەڵ کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە زانیارییەکان دەگۆڕنەوە و گفتوگۆ دەکەن.

ڕۆژی (9ـی حوزەیرانی 2024) ئومێد سەباح، کە سەرۆکایەتی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردەوە کە لە بەغدا، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تێچووی کۆمپانیا نەوتییەکان و میکانیزمی ڕێگەچارە بۆ ئەو پرسە کردووە.

ڕۆژی (22ـی حوزەیرانی 2024) مایڵز کاگینز گوتەبێژی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور دەیانەوێت لە ڕێگەی سۆمۆوە نەوت بفرۆشنەوە، ئەوەش لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشنیاز کراوە، گوتیشی، ئەو نەوتەی لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەردەهێندرێت، لەڕێگەی بۆری جەیهانەوە هەناردە دەکرێت، ئێمەش پێشنیاز دەکەین ئەو نەوتە لەلایەن سۆمۆوە بفرۆشرێتەوە.

له‌ 25ـی ئاداری 2023ـەوە هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ڕاگیراوە، به‌غدا، هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ خه‌ریكی دانووستانن بۆ دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕی وزەی جیهاندا.

بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیانی زیاتر لە 15 ملیار دۆلاری بە عێراق گەیاندووە.