فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: هەژماری من سەرکەوت

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کەسانێک بەبێ ڕەچاوكردنی ئەو سوودە زۆرانەی كە مووچەخۆران لە پرۆژەی "هەژماری من"ـی وەردەگرن، كەوتنە دژایەتیكردنی پرۆژەكە؛ بەڵام خۆشبەختانە لە ئامانجەكەیاندا شكستیان هێنا و پرۆژەکە سەرکەوت.

چوارشەممە، 3ـی تەمموزی 2024،  مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "پاش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بەبانكیكردنی مووچەكانیان، بەداخەوە كەسانێك  لە زۆربەی بابەتەكاندا دژایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پرۆژەكانی دەكەن، بەبێ ڕەچاوكردنی ئەو سوودە زۆرانەی كە مووچەخۆران لە پرۆژەی "هەژماری من"ـی وەردەگرن، كەوتنە دژایەتیكردنی پرۆژەكە. بەڵام خۆشبەختانە لە ئامانجەكەیاندا شكستیان هێنا و پرۆژەکە سەرکەوت".

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: سەرجەم ئەو بانكانەی نێو پرۆژەی "هەژماری من" لە بانكی ناوەندیی عێراقدا مۆڵەتیان هەیە و لە عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا مووچەیان بە بانكی كردووە، بۆیە نووسراوەكەی سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی، جەختكردنەوەیەكی ڕاشكاوانەیە لە یاساییبوونی كارەكانی پرۆژەی "هەژماری من".

ناوبراو، دەڵێت: بە خۆشحاڵییەوە ئەم یەكلابوونەوەیە، جگە لەوەی دەبێتە هۆی ئارامبوونەوەی دەروونی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان. لە هەمان كاتدا دەستكەوتێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە، لەمەودوا خەڵكی كوردستان باشتر سوودمەند دەبن لە دەیان جۆر خزمەتگوزاریی بانكیی زۆر گرنگ و بەرنامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ گۆڕینی ئامرازی مامەڵەكان لە پارەی كاشەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بانكی، سەركەوتنێكی زیاتر بەدەست دەهێنێت.

مەریوان قەرەنی داوایەک ئاراستەی سەرجەم ئەوانە دەكات كە دژایەتیی پرۆژەكەیان کرد و گوتی: دان بە شكستی خۆتان و سەركەوتنی "هەژماری من"ـدا بنێن و جارێكی دیكەش لە خۆتانەوە هەوڵی ترساندن و بڵاوكردنەوەی گومان لەنێو خەڵكی نەدەن، چونكە لە كۆتاییدا وەك ئێستە ئیحراجییەكی زۆرتان بۆ دەمێنێتەوە.

داگای باڵای فیدراڵیی پرۆژەی "هەژماری من"ـی بە یاسایی ناساند

جاسم محەممەد عەببوود، سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە نووسراوێکدا کە ڕۆژی 01-07-2024، ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە بە پێی بڕیاری دادگای فیدرالی، پرۆسەی بەبانکیکردن هەموو بانکە حکوومییەکان و هەموو ئەو بانکانە دەگرێتەوە کە لە لایەن بانکیی ناوەندیی عێراقەوە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە.

نووسراوەکەی دادگای فیدراڵی، ئاماژە بە لیستێکی هاوپێچی بانکیی ناوەندی عێراق دەکات کە ناوی 66 بانکی تێدایە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەو بانکانەشەوە کە لە پرۆسەی "هەژماری من" بەشدارن.

به‌پێی ئامارەکانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تاوه‌كو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر، خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.

ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکوو ئێستا هەشت بانکە و هەریەکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی (بانكێكی لوبنانییه‌)، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکیی ئیسلامیی عێراقی، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB)  لەخۆ دەگرێت.

Fly Erbil Advertisment