بۆچوونی شارەزایان لەبارەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار
K24 - هەولێر:
لەگەڵ بەردەوامیی ناسەقامگیریی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، هاوکات بانگەشەی بەرپرسانی حکوومەت و بانکی ناوەندیی عێراق بۆ بەدیهاتنی سەقامگیریی بازاڕی دراو، شارەزایانی ئابووری لێدوانە فەرمییەکان بە چەواشەکارانە ناو دەبەن و ڕایدەگەیەنن، بانکی ناوەندیی لە بەدیهێنانی سەقامگیری لە بازاڕی دراو شکستی هێناوە و پێشبینی دەکەن بەهای دۆلار لە سەرووی 145 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک بمێنێتەوە.
لەم بارەوە، مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت: بەهای ئەمڕۆی دۆلار بەرامبەر دینار لە بازاڕەکاندا کاریگەری لەسەر ئاستی گشتیی نرخەکان لە وڵاتدا نییە، بەڵکو نرخی فەرمیی دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق ئاستی گشتیی نرخەکانی سەقامگیر کردووە.
دەشڵێت: یەدەگی دراوی بیانی 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە کە بەرزترین ئاستە لە مێژووی عێراقدا، بەبۆچوونی ئەو ئەمە پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ سەقامگیریی بەهای دینار.
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات: کەمکردنەوەی مامەڵە ناوخۆییەکان بە دۆلار، کاریگەری بازاڕی لەسەر خواستی گشتی بۆ دۆلار کەم کردووەتەوە، تەنیا کاریگەرییەکی کەم نەبێت لەسەر ئابووری گشتی.
بەڵام، بۆچوونی شارەزایانی بواری ئابووری جیاوازە، عەلی عەبدولکازم-شارەزای ئابووری ڕایدەگەیەنێت: سەقامگیریی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار کاتێک بەدی دێت کە بەهای دینار بگەڕێتەوە بەهای فەرمیی بانکی ناوەندیی. بەبۆچوونی ئەو، هێشتا بەهای دۆلار لە بازاڕەکان 15% زیاترە لە بەهای دۆلار لە بودجەدا، هۆی سەقامگیریی ئەم دواییەی هەڵاوسانی بەهای دینار، دەگەڕێنێتەوە بۆ فرۆشتنی دۆلار بە حاجییان.
کەریم ئهلحلو، شارەزای ئابووری: بۆچوونی وایە، ئاستەنگ لەبەردەم مامەڵەی بانکیی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئێران، دەتوانێت داواکاریی خواست لە بازاڕەکان بۆ دۆلار بەرز بکاتەوە. لە کاتێکدا عێراق ساڵانە بەبەهای 13 ملیار دۆلار کاڵا لە ئێران هاوردە دەکات، و بەشێکی دیکەی نا سەقامگیریی بازاڕی دراو دەگەڕێنێتەوە بۆ بوونی کۆمەڵێک باندی تایبەت بە دۆلار، کە بڕێکی زۆر دۆلاریان لەبەردەستدایە لە بەهای بەرزدا دەیخەنە ڕوو کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر مامەڵەکانی ئاڵوگۆڕی دراو دروست دەکەن.
هەروەها، زیا موحسین، شارەزای ئابووری گەنگەشەکان بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری بازاڕی دراو رەتدەکاتەوە، بگرە هۆکاری ناسەقامگیری بازاڕی دراو بۆ چەند هۆیەک دەگەڕێنێتەوە کە بانکی ناوەندیی نەیتوانیووە چارەی بکات، دەشڵێت بانکی ناوەندیی عێراق نەیتوانیوە سامانی دارایی وڵات بپارێزێت، هەروەها پێشبینی دەکات بەهای دۆلار لە نێوان 145 هەزار دینار بۆ 150 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک بمێنێتەوە.