ئێران و تورکمانستان لەسەر هەناردەی گازی شل بۆ عێراق ڕێککەوتن

وەزارەتی دەرەوەی تورکمانستان ڕایگەیاند لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای پەیوەندییەکی باش و دۆستایەتییەکی دێرین گرێبەستێکی هەناردەی گازی شلیان بۆ عێراق ئیمزا کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکمانستان، لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاوی کردووتەوە، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، کۆمپانییاکانی ئێران لە ناو خاکی تورکمانستان کار لەسەر دروستکردنی سێ وێستگەی وەبەرهێنانی گازی شل لەگەڵ دامەزراندنی لوولەیەکی نوێی هەناردەی گازەکە دەکەن کە درێژییەکەی لە خاکی تورکمانستان 125 کیلۆمەتر بۆ هەناردەکردنی گازی شل بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ عێراق.
زیاتر ڕوونی کردووتەوە کە لوولەکە بە ناوچەکانی دۆڤلێت ئاباد، سارا، هەنگەراندا تێدەپەڕێت و وێستگە سەرەکییەکەش لە ناوچەی چاڵۆیوک دەبێت کە ساڵانە توانای هەناردەکردنی 40 ملیار مەتر سێجای گازی دەبێت.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکمانستان، دانووستان و ئیمزاکردنی گرێبەستەکە لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە ئەشقاباد لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان تورکمانستان و ئێران بەڕێوەچووە کە لە خاکی ئێرانەوە ساڵانە 10 ملیار مەتر سێجا گازی شل هەناردەی عێراق دەکرێت.
حکوومەتی تورکمانستان لە 23ی شوباتی 2018 گرێبەستێکی لەگەڵ حکوومەتی پێشووی ئەفغانستان ئیمزا کرد بۆ هەناردەکردن و بەستنەوەی لوولەی گازی سەرهەتئاباد بە لوولەی گازی ئەفغانستان.