بنکەیەکی وەرگرتنی گەنم لە کۆیە کرایەوە

گەنم لە یەکێک لە سایلۆکانی هەرێمی کورستان (ئەرشیف)
گەنم لە یەکێک لە سایلۆکانی هەرێمی کورستان (ئەرشیف)

بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی دەشتی کۆیە، ناوەندێکی بەبازاڕکردن کرایەوە و وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان داوای لە جووتیاران کرد هیچ پارەیەک بە سەندیکا و ڕێکخراوەکان نەدەن بۆ وەرگرتنی گەنمەکانیان تەنیا پشتیگرییەکی وەزارەتی کشتوکاڵ پێویستە.

کەمال محەممەد، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی لە شاری کۆیە بنکەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کردەوە و ڕایگەیاند، "کردنەوەی ئەم بنکەیە لە پێناو کارئاسانییە بۆ برا جووتیارەکانی دەشتی کۆیە و سنوورەکەیە، هیوادارین ئەوانیش هاوکار و هەماهەنگ بن لەگەڵ کارمەندان و ستافی بنکەکە بۆ ئەوەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە کۆیە بەبێ گیرو گرفت بەڕێوە بچێت".

وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران تەنیا لە ڕێگەی ئەو پشتگیرییەوە دەبێت کە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پێیان دەدات و نابێت جووتیارانیش هیچ بڕە پارەیەک بە هیچ ڕێکخراو و سەندیکایەک بدەن بۆ ئەوەی گەنمەکانیان لێ وەربگیرێت.

هەر لە بارەی کردنەوەی ناوەندەکە، حەیدەر کەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی بە بازاڕکردنی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، کردنەوەی ناوەندێکی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە کۆیە، هەوڵەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقە بۆ بایەخدانیان بە کەرتی کشتوکاڵ و ڕێزگرتنە لە ماندوو بوونی جووتیاران.

گوتیشی: کردنەوەی ئەم ناوەندە نزیکترین و کورتکردنەوەی ڕێگە بۆ ڕادەستکردن و وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران، هەروەها جووتیارانی ناوچەکە چیتر پێویست ناکات ماندوویەتی زیاتر بگرنەبەر بۆ ئەوەی بتوانن بەزووی گەنمەکانیان ڕادەست بکەن. لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕێگەکە، جووتیارانیش کرێ و خەرجییەکی کەمتریان لەسەر دەکەوێت بۆ ساخکردنەوەی گەنمەکانیان.

ڕاشیگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم ئەم ساڵی جووتیاران لە هەرسێ پارێزگاکەی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بەگوێرەی بڕی داواکراو بەردەوام دەبێت تاوەکوو کۆتایی پێ دێت، قۆناغ بە قۆناغی شایستە داراییەکانی جوتیاران خەرج دەکرێت.

پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە مانگی ڕابردووەوە لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕی 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت بۆ هەر تۆنێکیش 850 هەزار دیناری نرخ داناوە.

وەرگرتنەکەش 45 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە سنووری پارێزگاى هەولێر بڕى 228 هەزار تۆن، لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجەیش بڕى 282 هەزار تۆن و لە سنووری پارێزگای دهۆكیش 189 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت.

Fly Erbil Advertisment