مەڕوان ئەحمەد: ئەم مانگە نزیکەی 75 هەزار مووچەخۆر مووچەکانیان لە ڕێگەی هەژماری من وەردەگرن

سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من ڕایگەیاند، ئەم مانگە نزیکەی 75 هەزار مووچەخۆر لە هەولێر مووچەکانیان لە ڕێگەی هەژماری منەوە وەردەگرن. هەر فەرمانبەرێکیش بۆ دروستکردنی هەژماری بانکی سەرپشکە هەژماری خۆی لە چ بانکێک دەکاتەوە.
مەڕوان ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەرەتای پرۆژەی هەژماری من، سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لە گفتوگۆدا بوو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی و پارێزگاری بانکی ناوەندی عەلی عەلاق بۆ ئەوەی دەست بەپرۆژەی هەژماری من بکەین.
گوتیشی: بەداخەوە لە دوای بریارەکەی دادگای فیدراڵی، سەرۆکوەزیران لە هەوڵی بەردەوام دابووە تاوەکو کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام خۆشبەختانە دوێنێ دادگای فیدراڵی بڕیاری دا نەک ئەو بانکانەی حکوومینە بەڵکو هەموو ئەو بانکانەی مۆڵەتیان لە بانکی ناوەندی هەیە دەتوانن بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من بکەن.
مەڕوان ئەحمەد دەشڵێت: ئەو بانکانەی بەشدار دەبن لە پرۆژەی هەژماری من یەکێک لە مەرجەکانی ئەوەیە دەبێت لقیان لە هەرێمی کوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتگوزاری پێشکەشی فەرمانبەرانی ئێمە بکەن، هەروەها دەرگاشمان کراوە دەبێت بۆ هەموو بانکەکان بەپێی ئەو مەرجانەی دامانناوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە، ئەم مانگە نزیکەی 75 هەزار مووچە خۆر لە هەولێر مووچەکانیان لە ڕێگەی هەژماری منەوە وەردەگرن، هەروەها مانگ دوای مانگ پرۆژەکە فراوانتر دەبێت بۆ شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەش کرد، هەر فەرمانبەرێک کە دێت بۆ دروستکردنی هەژماری بانکی، هەموو ناوی بانکەکانی لەبەردەم دەبێت، هەروەها هەموو خزمەتگوزارییەکانی ئەوبانکانە و ئەو ئۆفەرانەی بۆ فەرمانبەران هەیانە لە وێبسایتێکدایە، بۆیە فەرمانبەر سەرپشکە کە چ بانکێکی هەڵدەبژێرێت و دەتوانێت هەژماری خۆی بکاتەوە.