بانکی ناوەندیی عێراق میکانیزمی نوێی پێدانی دۆلار به‌ گەشتیاران ئاشکرا ده‌كات

بانكی ناوه‌ندیی عێراق
بانكی ناوه‌ندیی عێراق

بانکی ناوەندیی عێراق میکانیزمی نوێی وەرگرتنی دراوی بیانی (دۆلار) بۆ گەشتیاران ئاشکرا ده‌كات؛ هاوكات جەخت لەوە ده‌كاته‌وه‌ وه‌رگرتنی دراوی بیانیی له‌ لایه‌ن گه‌شتیارانه‌وه‌ ته‌نیا لە ڕێگەی کۆمپانیا و بانکەکانەوە دەبێت لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان.

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 4ـی ته‌ممووزی 2024، بانکی ناوەندیی عێراق میکانیزمی نوێی وەرگرتنی دراوی بیانی (دۆلار)ـی بۆ گەشتیاران ئاشکرا كرد و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، وه‌رگرتنی دراوی بیانیی ته‌نیا لە ڕێگەی کۆمپانیا و بانکەکانەوە دەبێت لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان.

بانکی ناوەندیی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ئامانج له‌و میكانیزمه‌ نوێیه‌ كه‌ له‌ 14ـی ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌چێته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دۆلار به‌ شێوه‌یه‌ دروست و ڕاسته‌قینه‌ بگاته‌ ده‌ست گه‌شتیار و خێراتر دۆلاری پێ بگات.

بانکی ناوەندیی عێراق ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، گەشتیاران پشکی خۆیان لە دراوی بیانی (دۆلار) له‌ کۆمپانیا و نووسینگه‌كانی ئاڵوگۆڕی مۆڵەتپێدراو كه‌ له‌ هه‌موو شاره‌كاندا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ وەردەگرن. ده‌شڵێت، نرخی دۆلار به‌ هه‌مان نرخی بانكی ناوه‌ندیی به‌ گه‌شتیاران ده‌درێت، به‌و پێیه‌ی گه‌شتیار ده‌بێت له‌ لایه‌ن كۆمپانیا و نووسینگه‌كانه‌وه‌ ناوی تۆمار بكرێت و ناوی بخرێته‌ سه‌ر پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بانکی ناوەندیی عێراق له‌ لایه‌ن ئه‌و بانكه‌یشه‌وه‌ پسوولەیەکی پشتڕاستکردنەوەی دانانی دینارەکەی پێ بدات، بۆ ئەوەی دۆلارە کاشەکە بە تایبەتی لە ناو فڕۆکەخانە وەربگرێت.

Fly Erbil Advertisment