بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی دارایی دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی بانکی نیشتمان تاوتوێ دەکەن

K24 – هەولێر:
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی بانکی نیشتمان تاوتوێ دەکات کە سەرمایەکەی زیاتر لە 250 ملیار دینارە.
ڕۆژی پێنجشەممە (4ـی تەمموزی 2024) شاندێکی بانکی ناوەندیی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەبارەی پێکهێنانی بانکی نیشتمان کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، لەدیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی بانکی نیشتمان کراو هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی دوولایەنە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی پێکهێنانی بانکەکەیان کردەوە لە نزیکترین کاتدا و ڕۆڵی بانکەکەیان لە پڕۆسەی پێشخستنی بواری دارایی و ئابووریی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرزنرخاند.
بانکی نیشتمان کە سەرمایەکەی زیاتر لە 250 ملیار دینارە، کۆتایی ساڵی ڕابردوو لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی فەرمی پێدرا، بەدەست بەکاربوونی بانکەکەش فەرمانبەران و هاووڵاتییان لە چەندین پێشینە و قەرز و خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سوودمەند دەبن و سەرجەم بانکە حکوومییەکانی وەزارەتی دارایی لەژێر چەتری بانکی نیشتمان ڕێکدەخرێنەوە.