لە ئەمهریکا کوڕە شەهیدێکی کوردستان دەدرەوشێتەوە
هەیمەن هۆمەر گەنجێکی کوردستانی خەڵکی هەولێرە، پێشتر لەگەڵ برایەکی بە ناوی کارزان لە یۆنان، ئیتاڵیا و بەریتانیا ژیاوە، ساڵی 2017 ڕووی کردووهتە ئەمهریكا، لە شارەکانی ناشڤیڵ و لۆس ئانجێلس ژیاوە. هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان. هەروەها بۆ پەرەپێدان بە تواناکانی لە بواری هونەر و سینەما، لە دوو قوتابخانەی ئەکتەری و فیلم لە شاری ناشڤیڵ لە ویلایەتی تێنێسی خوێندن و ڕاهێنانی کردووه.
هەیمەن وەکوو گەنجێکی کورد یەکەمین جارە لەو ئاستەدا و لە سینەمای ئەمهریکادا بەشداری فیلم بکات و بەم دواییانە ڕۆڵی پێغەمبەر عیسای گێڕاوە لە فیلمی بەسەرهاتی ئەمریکی ''The Messiah''. فیلمەکە ئێسته لە گەورەترین مۆزەخانەی بایبڵ لە جیهاندا و لە واشنگتن پیشان دەدرێت.
هەیمەن بەر لەوەی ببێتە ڕۆڵگێڕ و ئەکتەر، پیشەی مۆدێل بووە، یەکێک لە ریکلامەکانی لە مۆڵە سەرەکییەکان و گەورەترین مۆڵی ئەمەریکا لە ویلایەتی مینەسۆتا بۆ ماوەی سێ ساڵ بە بیلبۆرد هەڵواسراوە. هەروەها ناوبراو تاکوو ئێسته بەشداری لە چەند کلیپی (میوزیک ڤیدیۆی) کەنتری و هۆڵیووددا کردووە.
باوکی هەیمەن وەکوو بۆ خۆی دەڵێ: ''باوکم لە ساڵی 1970ـوه دەستی بە خەباتی سیاسیی کردووە، زیاتر لە 30 ساڵ لە ڕێخستنی نهێنیدا یارمەتی دارایی لە هەولێر و کەرکووک بۆ پێشمەرگە کۆ کردووتەوە. باوکم پێش شەهیدبوونی ماوەی 40 ڕۆژ وەکوو بەندکراوی سیاسیی لەژێر لێدان و ئهشكهنجهی بەعسدا بووە''.
پاش نەمانی باوکی، هەیمەن و دوو خوشک و پێنج برای لە لایەن دایکییەوە سەرپەرشتی و بەخێو دەکرێن. دایکی هەیمەن هەمیشە قارەمانی سەرەکی ژیانی کوڕەکەی بووە. ساڵی 2013 کارەساتێکی دڵتەزێن تووشی هەیمەن و بنەماڵەکەی دەبێ و برا بچووکەکەی هەیمەن بە ناوی داریۆ بە کارەساتێکی دڵتەزێن گیانی دهسپێرێت و ئەم ڕووداوە کاریگەریی قووڵ لەسەر هەیمەن و بنەماڵەکەی دادەنێت.
هەیمەن ئامانجی سەرەکەی لە کاری هونەر و سینەمادا بەم جۆرە پێناسە دەکات: ''لەگەڵ ئەوەی هاووڵاتیی ئەمریکام، بەڵام خوێنی دەمارەکانم هەر بە کوردی دەجووڵێ. دەخوازم کورد و ناسنامەکەی باشتر بە جیهان بناسرێت و بۆ ئەمەش تێ دەکۆشم تاکوو پردێک لە نێوان کوردستان و هۆڵیوود بونیاد بنرێ، ئەمەش لە پێناو سازکردنی پێگەیەکی بەهێزی کوردستانی لە سینەمای ئەمەریکی و جیهان. ئەم هەنگاوەش ئەو هەستەم تێدا بەرجەستە دەکاتەوە کە لەم ڕێگاوە درێژە بە بەردەوامی خەباتی نەتەوایەتی باوکم لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دەدەم، هەروەها ئەمە سپاس و ئەمەگناسییە بۆ ماڵباتەکەم بە گشتیی، دایکم بە تایبەتی کە هەمیشە قارەمانی ژیانم بووه.''