تابلۆی 'پشووێک لە کاتی گەشتکردن بۆ میسر' بە بڕە پارەیەکی زۆر دەفرۆشرێت

خانەی زیادکردنی 'کریستی' ڕایگەیاند کە تابلۆکەی تیتیان ڤیسیلیۆ بەناوی 'پشووێک لە کاتی گەشتکردن بۆ میسر'، بە بڕی 17.5 ملیۆن پاوەند فرۆشراوە، کە دەکاتە 22.2 ملیۆن دۆلار، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی بۆ نرخی تابلۆکانی ئەو هونەرمەندە تۆمارکردووە.
تابلۆکە لە ماوەی 150 ساڵدا بۆ یەکەمجارە لە زیادکردنی ئاشکرای گشتیدا نمایشکرا، لە ساڵی 2002 لە وێستگەیەکی پاس لە لەندەن لەناو کیسەیەکی نایلۆندا دۆزرایەوە، خانەی زیادکردنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، نرخی ئەسڵی تابلۆکە لە نێوان 15 ملیۆن بۆ 25 ملیۆن پاوەند بووە، کە دەکاتە 19 ملیۆن بۆ 31.8 ملیۆن دۆلار، هەروەها خاوەنەکانی ئەو تابلۆیە بریتیی بوون لە، ئیمپراتۆری فەرەنسا ناپلیۆن بۆناپارت و دوچێسی نەمسایی لە شانشینی هابسبورگ و شاژن ماریا تێرێزا لە ساکسۆنیا لە نەمسا.
فرۆشیارانی خانەی زیادکردنەکە تابلۆکەیان بە "شاکارێکی هونەری سەرنجڕاکێش" لەلایەن تیتیان وەسف کرد، کە لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیدا تابلۆکەی کێشاوە.
تیتیان ڤیسیلیۆ هونەرمەندێکی ئیتاڵیی سەردەمی ڕێنێسانس بووە، هەروەها دروستکەری تابلۆکانی وەک "خۆشەویستی زەمینی و خۆشەویستی ئاسمانی، ڤینۆسی ئۆربینۆ و دزینی ئەوروپا" بووە.