زیندانییە ئازادکراوەکانی فەڵەستین باسی ئازار و ئەشکەنجەی نێو زیندانەکانی ئیسرائیل دەکەن
زیندانیانی فەڵەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد کراون، باسی ئەو ئەشکەنجە و ئازارانە دەکەن کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا بەرامبەریان کراوە، لەوانە چاوبەستن، لێدان و هێرشی سەگەکان.
بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا لە شاری غەززە، محەمەد ئەبو سەلمیە، کە لەنێو ئەو 50 دەستگیرکراوەدا بوو کە دووشەممەی ڕابردوو ئازادکران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەشکەنجەی زۆر دراین، لە سەرم درا و خوێنم لێ دەهات، بە سەگی پۆلیسی هێرشیان کردە سەرمان پەنجە بچووکەکەمیان شکاند ".
ئەو باسی لە مردنی دوو پزیشک کردو گوتی: "لە ژێرزەمینەکان زۆر هاوکارمان لە تیمە پزیشکییەکان بەجێهێشتووە و مردوون، تاوان بەرامبەر بە زیندانییەکان دەکرێ"، دەشڵێت: دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل "دەرمان و خۆراک لە زیندانییەکان قەدەغەدەکەن کە بەهۆیەوە کێشیان زۆر دابەزیووە". هەروەها بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی شیفا داوای لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد سەردانی زیندانەکانی ئیسرائیل بکەن.
ئەبو سەلمیە لە 22ـی تشرینی یەکەم، دوای گەمارۆدانی کۆمەڵگەی شیفا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستگیرکرا. هەروەها لە ڕۆژی 11ـی مانگی ڕابردوو ئیسرائیل نزیکەی 50 زیندانیی لە کەرتی غەززە ئازاد کرد، کە گواسترابوونەوە بۆ نەخۆشخانەی کەمال عەدوان لە باکووری کەرتی غەززە.
موسا مەنسور کە نیشانەکانی گەستنی سەگ لە قۆڵەکانیدا دەرکەوتووە و گوتی: "پێشتر دوو کاتژمێر دەخەوتین، سەگەکانیان دەهێنا و لە گیانی ئێمەیان بەردەدا، من بەهۆی لێدانەوە هێزم لە دەستدا، هەمووی لەسەرمان دەدرا، گەنج هەبوو لێدانی پێ باشتربوو لە هێرشی سەگەکان".
لە تەلئەڤیڤ، تال شتاینەر، بەڕێوەبەری گشتی لیژنەی گشتی دژ بە ئەشکەنجە لە ئیسرائیل، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، ئێمە ئاگادارکراینەوە لە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ، بەو پێیەی خەڵک 24 کاتژمێر بەستراونەتەوە، زیندانییەکان تووشی لێدان و برسێتی بوونەوە، ئەمەش بەپێی گوتەی قوربانییە فەڵەستینییەکانە کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل بوون و ئازادکراون.
ڕوونیشیکردەوە، "ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی هەیە سەبارەت بە گیان سپاردنی نزیکەی 36 زیندانی لە غەززە، لەنێویاندا پزیشکی نەشتەرگەری عەدنان ئەلبەرش، ڕوونیشی کردەوە، "ئێمە باوەڕمان بەو یاسایە هەیە کە یارمەتیدەرە لە گۆڕینی ئەم پێشێلکاریانە، ئێمە داواکارییەکمان پێشکەشکرد بۆ هەموارکردنەوەی یاسای 'دیلەکانی شەڕ'، کە کنێست لە مانگی کانوونی دووەمدا دوای هێرشەکەی حەماس پەسەندی کرد".
کۆمیتەی گشتی دژ بە ئەشکەنجە لە ئیسرائیل، ڕێکخراوی پزیشکان بۆ مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵەی مەسلەک و عەدالە کە بەرگری لە مافەکانی فەڵەستینییەکان دەکەن، بەشدارییان لە پێشکەشکردنی داواکارییەکەدا کردووە.