28 ملیۆن ئێرانی قەیرانی ئاویان هەیە

قەیرانی ئاو لە ئێران
قەیرانی ئاو لە ئێران

پسپۆرێکی ژینگەیی ئێرانی داوا لە سەرۆککۆماری نوێی وڵاتەکەی دەکات قەیرانی ئاو چارە بکات چونکە بەهۆی خراپی لە ئیدارەدانی ئاو یەک لەسێی خەڵکی ئێران تووشی کێشە بوونەتەوە.

ئاژانسی تەسنیم، لە زاری عەلی شەهباز پسپۆری ژنگەیی بڵاوی کردووتەوە، بێئاوی و کەمئاوی بووەنەتە قەیرانێکی گەورە و لە کۆی 85 ملیۆن دانیشتووانی ئێران، نزیکەی 28 ملیۆن کەس کە دەکاتە %32.9 سەرجەم خەڵکی ئێران، بە دەستییەوە گرفتار بوون .

پسپۆرە ژینگەییەکە، ڕەخنە لە حکوومەتەکانی پێشوو دەگرێت و دەڵێ: ئەم دۆخەی هەیە دەکرێ بە شکست ناوبنرێت، چونکە هۆکارێکی سەرەکی دروست بوونی قەیرانی ئاو لە ئێران بە هەڵە و خراپ ئیدارەدانی سەرچاوەکانی بووە کە لە کابینەکانی پێشوو بەدیمان کردووە.

هەروەها ئاماژەی داوە، نامەوێت کاریگەریی گۆڕانە هەرێمییەکان لە ژینگە لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران کاڵ بکەمەوە، بەڵام هەڵە ڕاستەقینەکە لە شێوازی ئیدارەدانی ئاو بووە لە ناوخۆ و هەر بۆیە داوا لە چواردەهەمین کابینەی حکوومەت و سەرۆککۆماری نوێ دەکەم بەر لە هەموو گرفت و قەیرانێک، بیر لە چارەکردنی قەیرانی ئاو بکەنەوە

ئەم پسپۆڕە ژینگەییە هۆشداریی لە زۆربوونی ژمارەی بیرەکانی ئاوی دەدات و دەڵێ: لە ساڵی 1982 سەرەڕای دەرکردنی یاسای دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاو، بەڵام لە ماوەی 15 ساڵ، واتە لە 1982 تاوەکوو 1997 هەڵکەندنی بیرە نا یاساییەکان لە 38 هەزارەوە بۆ 134 هەزار زیادیان کردووە.

هەر بە گوتەی شەهباز، "لە ساڵی 2001 لەگەڵ تێپەڕاندنی یاسا پێدانی کارەبا بە بیرەکان و دواتریش هەڵوەشاندنەوەی کرێ لە ساڵی 2004 دا، زیادەڕەوییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە". هەروەها دوای پەسەندکردنی یاسای تۆمارکردنی بیرە بێمۆڵەتەکان لە ساڵی 2010، ژمارەی بیرە نایاساییەکان گەیشتووەتە 320 هەزار بیر، هەربۆیە ئەو ژمارە زۆرەی بیر لە وڵاتێک دەبێت لەلایەن حکوومەتەوە ئیدارە بدرێن نەک بدرێنە دەستی خەڵکی ئاسایی.

هەروەها لە بارەی ڕێکخستنەوەی بەراوکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان ئاماژەی داوە، پێنج هەنگاوی گرنگ دەبێت بگیرێنەبەر کە دوو کە هەنگاوەکان پەیوەستن بە شێواز و ڕێگەکانی ڕاکێشانی ئاو و دابینکردنی پێوەرەکانی کە پەیوەستە بە وەزارەتی وزە. سێ هەنگاوەکەی دیکەش پەیوەستن بە وەزارەتی کشتوکاڵ لە بارەی بڕی پێویست بوون بە ئاو و شێوازی دابەشکردنەکە. 

سەبارەت ئاوی بەنداوەکان، ڕایگەیاندووە، "پاراستنی سەرچاوکانی ئاوی بەنداوەکان لە پیسبوون و تێکەڵبوونی ئاوەڕۆکان بە سەرچاوەکان ئەرکی وەزارەتی ژینگەیە، چونکە نزیکەی 40 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری ئێران پشت بە ئاوی بەنداوەکان دەبەستن".