فیلمێکی کوردی خەڵاتی باشترین بەڵگە فیلمی لە فێستیڤاڵی ئیتاڵیا بەدەست هێنا

 لە پێنجەمین خولی فستیڤاڵی فیلمی ئۆستیا، کە لە شاری رۆما لە ئیتالیا بەڕێوەچوو، بەڵگە فیلمی "وڵاتی ژنانی ژێر زەوی" توانی خەڵاتی باشترین بەڵگە فیلم بەدەستبهێنێت.

دیدار عومەر نووسەری ئەو بەڵگە فیلمە، دەربارەی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: سەرەتا بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە پیرۆزبایی لەتەواوی ستافی فیلمەکە دەکەم کە توانیمان خەڵاتی باشترین بەڵگە فیلم بەدەستبهێنین.

زیاتر گوتی: بەڵگەفیلمی "وڵاتی ژنانی ژێر زەوی" لەچەندین فێستیڤاڵی تر لە رۆژئاوای کوردستان و ئەمەریکا و رووسیا و  ئیتاڵیا و ئیسپانیا بەشداربووە و لەزۆربەی فێستیڤاڵەکاندا خەڵاتمان بەدەستهێناوە.

نووسەری بەڵگە فیلمەکە گوتیشی: چیرۆکی بەڵگە فیلمەکە باس لە پیاوێک دەکات بە درێژایی 13 ساڵ لەو گۆڕستان کار دەکات کە تایبەتە بەو ئافرەتانەی کوژراون و بێ ناونیشانن. ئەو پیاوە گۆڕ هەڵکەنە، باخەوان و کەسوکاری ئەو گۆڕستانەیە.

بەڵگە فیلمی "وڵاتی ژنانی ژێر زەوی" لەنووسینی دیدار عومەر هەمەوەندییە و رێکەوت حەمە تۆفیق کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، ئەو بەڵگە فیلمە بەشداری زۆربەی فێستیڤاڵەکانی کردووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە.