هاندەرێكی بارسێلۆنا مەراسیمی ناساندنی ئێمباپێ بەڕێوە دەبات

ڕیال مەدرید كاتی ناساندنی كلیان ئێمباپێی دیاری كرد و تەواوی وردەكارییەكانیش لە لایەن میدیاییەكانی ئیسپانیا بڵاو كرایەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە كچە گۆرانبێژێكی كۆلۆمبی كە هاندەری بارسێلۆنایە مەراسیمی ناساندنەكەی ئێمباپێ بەڕێوە دەبات.
پێگەی ڕێلیڤۆی ئیسپانیا ئاشكرای كردووە كە ڕۆژی 16ـی ئەم مانگە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەراسیمێكی گەورە و جیاوازدا كلیان ئێمباپێ وەكو یاریزانی ڕیال مەدرید پێشكەشی هاندەران و میدیایەكان دەكرێت.
بە گوێرەی ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانیا پێشبینی دەكرێت زیاتر لە 80 هەزار هاندەر ئامادەی ناساندنی كلیان ئێمباپێ بن، بەمەش ڕەنگە ڕیكۆردی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بشكێنێت كە 83 هەزار هاندەر لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئامادەی ناساندنی ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە بوون.
لە لایەكی دیكەیشەوە، یانەی ڕیال مەدرید سەكۆیەكی گەورە و شاشەیەكی زەبەلاح دادەنێت و كۆنسێرتێك بە ئامادەبوونی خانمە گۆرانبێژی كۆلۆمبی (كارڵ جی) ساز دەكرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو خانمە گۆرانیبێژە پێشتر خۆشەویستی خۆی بۆ یانەی بارسێلۆنا دەربڕیوە و بە درێسی یانە كەتەلۆنیاییەكە وێنەكانی لە سۆشیاڵ مێدیا بڵاوبووەتەوە.

