شاخەوان عەبدوڵڵا: سەرۆک بارزانی لایەنە ناکۆکەکانی لە بەغدا گەیاندەوە یەکتر
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، بە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، لایەنە ناکۆکەکان لەیەکتر نزیک بوونەوە و گەیشتنە تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر بنەمای ئەو پێشنیازانەی سەرۆک بارزانی بۆیانی خستووەتە ڕوو.
شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی گرنگیی و کاریگەرییەکانی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، ماوەی چەند ساڵێکە بەردەوام هیزە سیاسییەکان و هەردوو حکومەتی کازمی و حکومەتی ئیێستای محەمەد شیاع سودانی و هێزەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، داوەتنامەی فەرمیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کردووە بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکات ، بەڵام بەهۆی نیگەرانییەکانی سەرۆک بارزانی لەشێوازی بەرێوەبردنی دەوڵەت و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان بەردەوام ئەو داوەتانەی ڕەتکردوەتەوە، دواجار و دوای شەش ساڵ و لەدوای دروستبوونی کەشێکی ئەرێنی لەنێوان هەردوو حکومەت و هەندێ هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ، سەرۆک بارزانی دوایین داوەتنامەی قەبوڵکرد بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکات وەک پاڵپشتییەک بۆ ئەو هەنگاوانەو بەرەوپێشبردنیان ، بۆیە سەرۆک بارزانی بڕیاری دا رۆژی 3ـی تەممووز سەردانی بەغدا بکات.
شاخەوان عەبدوڵڵا گرنگیی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا لەوە دەبینێتەوە کە، دوای زیاد لە 20 ساڵ لە ڕووخانی رژێم و نوسینەوەی دەستوورو هەموو ئەو ڕووداوانەی ڕوویاندا، پێویست بوو پرسیاری ئەوە بکرێت پەیوەندی نێوان هێزە سیاسییەکانی دوێنێی ئۆپۆزسیون و هاوپەیمانی دوای رڕووخانی ڕژێم بۆچی بەم رۆژە گەیشتوەو تاکەی دەستور ناکرێتە بناغەی چارەسەرکردنی کێشەکان.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوای نزیکەی دووساڵ لە پێکهێنانی حکومەت، پێویست بوو پرسیاری ئەوە بکرێت ئەم حکومەتە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان دامەزرا و ئەو رێککەوتنە بووە بەشێک لە کاری حکومەت و لەپەرلەمان دەنگی لەسەر درا، هۆکاری جێ بەجێ نەکردنی یاخود سستی لەجێ بەجێ کردنی چییەو کێ هۆکارەو ئەم دۆخە تاکەی بەو شێوە بەردەوام دەبێت و چارەسەر ناکریت ؟
ئاماژە بەوە دەکات کە سەرۆک بارزانی وەک هەمیشە زوور ڕاشکاوانەو بەڕوونی ئەو پرسیارانەو زیاتریشی لەهێزە سیاسییەکان کرد بەتایبەتی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و چوارچێوەی هاوئاهەنگی کەبەرپرسیارێتی زیاتریان دەکەوێتە ئەستۆ .
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، کێشەی نێوان لایەنە سونییەکان گەیشتبووە ئاستێک چەند ساڵێکە بەتەواوی پەیوەندییەکانی نێوانیان پچڕاوە ، ببەڵام بەهاتنی سەرۆک بارزانی هەموان ئامادەیی خۆیان دەربڕی لەیەک جێگا کۆببنەوە و پابەندی خۆیان بەبریارەکانی سەرۆک بارزانی دەربری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیشەوە.
جیگری سەرۆکی پەرلەمان ئاشکرای دەکات، لەبارەی موچەو شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، سەرۆک بارزانی لە بەغدا باسی لەوە کرد کێشەکان هەرچەند گەورەو قوڵبێت، نابێت بگاتە ئەوەی دەست بۆ قوتی خەڵکی کوردستان ببرێت و تێکەڵی ململانێی سیاسی بکرێت، لەهەمانکاتدا دووپاتی کردەوە کێشەی میللەتێک نابێت تەنها لەچوار چێوەی بودجەو مووچە کۆبکرێتەوە، بەڵکو ئێمە خاوەن دۆزێکین و بەبێ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان گرفتەکان بەردەوام دەبن .
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەڵێت، بەشێکی زۆر لەو حزبانەی تازە لەگۆڕەپانی سیاسیی دەرکەوتوون زۆر بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دیداری سەرۆک بارزانیان دەکردو سەرسامی خۆیان بەڕاشکاویی سەرۆک بارزانی دەربڕی و خۆشحاڵی خۆیان بەدیداری بارزانی خستە روو ، دەشڵێت، هەمیشە سەرۆک بارزانی بڕوای بەوەیە کۆبوونەوە دەبێت لەپێناو خستنە ڕووی کێشەکان بێت، لەهەمان کاتیشدا چارەسەریی گونجاویان بۆ دابنرێت، بۆ ئەو بابەتە لەلایەن سەرۆک بارزانی بریاردرا دەست بەجێ لیژنەی هاوبەش دابنریت بۆ دەست نیشان کردنی گرفتەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان، لەگەڵ هەردوو لایەنی لایەنی سوونی و چوار چێوەی هاوئاهەنگی.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاشکرای کردووە، لەکۆتاییدا سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت باڵیۆزی وڵاتان داوایان کرد سەرۆک بارزانی بەو پێگەو قورساییەی هەیەتی لەگۆڕەپانی سیاسیی، هاوکاربێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دابین کردنی سەقامگیری لەناوچەکە کە ئیستا بەدۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێت.