کەرتی کارەبای عێراق کەوتووەتە ژێر هەژموونی هەرێمی

دیمەنی دابەشکردنی کارەبا لە گەڕەکاکانی حیللە ناوەندی پارێزگای بابل
دیمەنی دابەشکردنی کارەبا لە گەڕەکاکانی حیللە ناوەندی پارێزگای بابل

لە پارێزگای بابل بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و پێدانەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا پێچەوانەی یەکترن، تا پلەکانی گەرما بەرزتر دەبنەوە، کارەباش کەمتردەبێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە پارێزگاکە خاوەنی پێنج وێستگەی گەورەی بەرهەمهێنانی کارەبایە، بەڵام خەڵکی پارێزگاکە بۆ دابینکردنی کارەبا هەموو ئومێدێکیان لەسەر مۆلیدەی گەڕەکەکان هەڵچنیوە.

لە گەڕەکەکانی شاری بابل تەلی کارەبای ماڵان و مۆلیدەکان لەگەڵ تۆڕی دابەشکردنی کارەبای نیشتمانی وەها بەیەکداچوون کە تەنانت بەشێک لە دیواری خانووەکانیشیان شاردووەتەوە. ئەمەش بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی مەترسی ئاگر کەوتنەوە و کارەساتی دیکە.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی یەکێک لە گەڕەکەکانی بابل دەڵێ "ئێمە لە ساڵی 2024داین، کەچی هێشتا کێشەی کارەبامان هەیە و تەل و وایەرەکانی کارەبا تێکەڵن، لە کاتێکدا لە زۆربەی وڵاتانی دیکە هێڵەکانی دابەشکردنی کارەبا لە ژێر زەوی دادەنێن و کەس نایانبینێت بەڵام ئەمە دۆخی ئێمەیە. لە بابلی وایەری کارەبای نیشتمانی لەلایەک و وایەری مۆلیدەکانیش لەلایەک و وایەری ئینتەرنێت لەلایەکی دیکە. تەنانەت ئەگەر بمەوێت وێنەیەکی خانووەکەم بگرم لەبەر وایەر دەرناچێت".

هاووڵاتییەکی دیکەش دەڵێ "کارەبای نیشتمانی لەلایەک و مۆلیدە لەلایەکی دیکە، ئەمە دۆخی حللەیە کە ناوەندی پارێزگای بابلە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە هەر لە بەڕێوەبەرەوە تاوەکوو کارمەندەکانیش گەندەڵیان تێدایە، ئەمەش هۆکارە بۆ نەبوونی و کەمی خزمەتگوزارییەکان".

حکومەتی خۆجێی بابل دەستەوەستان نەبووە لە هەوڵدان بۆ زیادکردنی کارەبای نیشتمانی و ڕزگاربوونی لەدیمەنی ناشارستانی تێکەڵبوون و ئاڵۆزکانی هێڵەکانی کارەبا کە لە زۆرینەی ناوچەکانی بابل دەبینرێت، هەوڵدەدەرێت کە سوود لە وزەی پاک بۆ دابینکردنی کارەبا وەربگرێت، بەڵام هەوڵەکانی حکوومەتی خۆجێی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بەهۆی ڕۆتینی زۆر لە دام و دەزگاکان جێبەجێ نەکراون.

ئەسعەد مەسلەماوی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەڵێ "دۆخی کارەبا لەسەرجەم وڵات بە بابلیشەوە خراپە، هیواخوازین بە ئاراستەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی پاکەوە هەنگاوبنێین بۆ ئەمەش لەگەڵ حکوومەت قسەمان کردووە و  پێمام گوتن، ئێمە زەوی باشمان لە باشووری بابل بۆ بەرهەمهێنانی وزەی پاک هەیە، بەڵام ڕۆتیناتی فەرمانگە حکوومییەکان ڕێگرن لەم هەنگاوەی ئێمە. ئەگەر دۆسیەی کارەبا بەدەستی پارێزگار و حکوومەتی خۆجێی بوایە بە ئاسانی چارەمان دەکرد، بەڵام ئێمە دەسەڵاتی ئیمزاکردنی گرێبەستمان نییە".

چاودێرانی ئابووری و سیاسی بڕوایانوایە پرس و دۆسیەی کارەبا کەوتووەتە ژێر هەژموونی هەرێمی و پەیوەستە بە دەستوەردانی ناوچەیی و سیاسییەوە، هەربۆیە ڕێکخستنەوە و سەرپێخستنەوەی ژێرخانی وزەی عێراق شەکەت بووە، لە نێویاندا ئێران بەهۆی سوودمەندبوونی لە فرۆشتنی کارەبا و گازی شل بە وێستگەکانی کارەبا لە عێراق لە ڕێگەی هەندێک لە هێز و گرووپە میلیشیاکانەوە ڕێگە بە دەستکراوەبوونی حکوومەتی عێراق نادات، کەرتی کارەبا ڕێکبخاتەوە.