ژووری بازرگانی هەولێر پێشوازی لە خاوەنکارانی تورکیا - عێراق کرد

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ژووری بازرگانی هەولێر و ڕێکخراوی توسیادی تورکیا
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ژووری بازرگانی هەولێر و ڕێکخراوی توسیادی تورکیا

سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر ڕایگەیاند، پێشوازیمان لە شاندی ڕێکخراوی TISIAD تورکیا کردووە و بەم نزیکانە یاداشتی لێکگەیشتنی پرۆتۆکۆڵی لە نێوان هەردوولادا ئیمزا دەکرێت.

سێشەممە، 9ـی تەمموزی 2024، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ شاندی کۆمەڵەی پیشەسازکاران و خاوەنکارانی تورکی - عێراقی ڕێکخراوی (TISIAD) تورکیا گفتوگۆمان دەربارەی ئاڵوگۆری بازرگانی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتە کردووە.

سەرۆکی ژووری بازرگانی دەڵێت، "لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ڕێکخراوی توسیاد کە ڕێکخراوێکی گرنگ و کاریگەرە لە ئابووری تورکیا، یاداشتی لێکگەیشتنی پرۆتۆکۆڵی لە داهاتوویەکی نزیکدا ئیمزا دەکرێت".

هەروەها دەشڵێت: "سوپاسی ئەو ڕێکخراوە دەکەین بۆ ئەو بانگهێشت کردنی ژووری بازرگانی هەولێر تاکو بەشداری بکەین لە چالاکییەکانی شاری مێرسین، ئەدەنە و ئیزمیر لە داهاتوویەکی نزیکدا. لەو ڕێگەشەوە ئێمە بتوانین کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو ژوورە بازرگانیانەی تورکیا بکەین و پەیوەندییەکانمان ئەپ دێت و فراوانتر بکەین".

گەیلانی حاجی سەعید ئاماژەی بەوەش دا، کە "شاندەکە ئەمڕۆ لەگەڵ 16 بازرگان هاتوون بۆ کوردستان، ئێمە وەکو ژووری بازرگانی لای خۆمانەوە پێشوازیمان لێ کردوون و گفتوگۆشمان لەگەڵیان کردووە، لەبواری پەرەپێدان و ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی، هەروەها داواشمان لێکردوون کە بەشداربن لە بونیادنانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان".

ڕاشیگەیاند، "ئێمە لای خۆمانە هەموو ڕێنمایی و ئاسانکارییەک بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەکان دەکەین و هەموو کاتێکیش دەرگای ژووری بازرگانی و پیشەسازی  کراوەیە بۆ شاند و بازرگانانیان، بۆ ئەوەی هەردوولا سوودمەند بین بۆ ئابووری هەردوو وڵات و بازرگانان و پیشەوەرانیش".

Fly Erbil Advertisment