وەزارەتی خوێندنی باڵا: داشکاندن لە کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران بەردەوام دەبێت

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی
ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشکرای دەکات، بۆ ساڵى نوێى خوێندن داشکاندن لە کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران بەردەوام دەبێت.

بەسەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا لە زانکۆى سۆران چەند بڕیارێکى دەرکرد.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زانکۆکانى کوردستانى ڕاسپارد ئامادەکارى بکەن بۆ ئەوەى هاوشێوەى ساڵانى رابردوو زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی لە خوێندنى حکومى برەخسێنن، هەروەها بەهەمان ڕێژەى ساڵانى ڕابردوو داشکاندن لە کرێى خوێندنى پارالێل و ئیواران ئەنجام بدەن، ئەویش لە پێناو پشتیوانیکردنى قوتابیان و خانەوادەکانیان بۆ ئەوەى پرسى دارایی نەبێتە ڕێگر لە بەردەم خەونەکانیان، هەروەها بەراسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا سەرجەم زانکۆکان هیچ برە پارەیەک لە برى پێدانى بەشى ناوخۆیی بە خوێندکارانى خوێندنى باڵا وەرنەگرن

سێشەممە 9ـی تەممووزی 2024،بەسەرپەرشتى ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و سەرۆک زانکۆکان، کۆبونەوەى ئاسایی ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە زانکۆى سۆران بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە بۆ ساڵى نوێ هەموو تواناى وەزارەت و زانکۆکان دەخەینە گەڕ بۆ رەخساندنى زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیی و دانانى میکانیزم و پلان بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک هاوتەریب بێت بۆ سودى دەرچوان و پێداویستیەکانى بازاڕى کار، بۆ ئەمەش داواى لە زانکۆکان کرد لە پلانى وەرگرتندا هەموو تواناکانى خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەى ئەمساڵیش زۆرترین دەرفەتى خوێندن لە ناوخۆ بڕەخسێنن.

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زانکۆکانى ڕاسپارد ئەوانەى تاکو ئێستا پلانى خوێندنى باڵایان ئامادە نەکردوەو بۆ وەزارەت نەیانناردوە، پێویستە بە زوترین کات پلانەکانیان بۆ کردنەوەى ڕاوندى نوێى خوێندنى باڵاو خوێندنى سپلیت سایت بۆ وەزارەت بەرزبکەنەوە، بەمەبەستى تەواوکردنى ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەى ڕاوندێکى نوێى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

لە تەوەرێکى دیکەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێنمایی گۆڤارە زانستییەکانى زانکۆکانى کوردستانى بە وەرگرتنى چەند تێبینییەک پەسەندکرد، ئامانج لەم ڕێنماییە بۆ زیاتر ڕێکخستنى مەرجەکانى پێدانى مۆڵەتە بە گۆڤارى زانکۆکان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى گۆڤارەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە بگونجێت لەگەڵ پێوەرو ستانداردەکانى گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان.

هەر لە کۆبونەوەکەدا لەسەر راسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا سەرجەم زانکۆکان هیچ برە پارەیەک لە برى پێدانى بەشى ناوخۆیی بە قوتابیانی خوێندنى باڵا (دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا) وەرنەگرن.

لە بەشى کۆتای کۆبونەوەکەى ئەنجومەنى وەزارەت، چەند تەوەرێکى دیکەى زانستى تایبەت بە کاروبارى زانکۆکان گفتوگۆیان لەبارەوە کراو بریارى پێویستیان لێدرا.

Fly Erbil Advertisment