ئەمڕۆ لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران، وردبینی لە لیستی مووچەی پێشمەرگەش دەکرێت

وەزارەتی پێشمەرگە - ھەولێر
وەزارەتی پێشمەرگە - ھەولێر

شاندەکەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی تەممووزی 2024، دەست دەکات بە وردبینی لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

میران بەکر سکرتێری وەزیری پێشمەرگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان  لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووتەوە، کە ئەمڕۆ چوارشەممە لێژنەی پشکنەری چاودێری دارایی حکوومەتی ناوەندی عێراق، لەوەزارەتی پێشمەرگە، دەست بەکارەکانی دەکات، لە هەمبەر مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە.

هەر لە بارەی مووچەی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئەحمەد مەزهەر، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ کێشەیەک و لێبڕینێک دەنێردرێت.

هەروەها ئاماژەشیدا، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق قسەیان کردووە و دڵنیایی کردوونەتەوە، کە هۆکاری دواکەوتنەکە، تەنیا کێشەیەکی هونەرییە و هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە.

دوێنی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی گەیشتنی 421 ملیار و 760 ملیۆن دینار وەکو تەواوکاری مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەرانی مەدەنی، خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانیشی بڵاوکردەوە و ئەمڕۆ و سبەی پێنجشەممە، جگە لە مووچەی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، لەم دوو ڕۆژەدا مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەت دابەش دەکرێن.

سەبارەت بە دوای کەوتنی مووچەی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی، وەزارەتی دارایی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەیداوە، تەمویلیان لە بەغداوە نەهاتووە، بەڵام لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر پەیوەندیدان بۆ چارەکردنی ئەو گرفتەی دروست بووە.