چاودێری دارایی عێراق وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی وەزارەتی کارەبای هەرێم دەکات

چاودێری دارایی عێراق دووەم لێژنەی وردبینکاری ڕەوانەی هەولێر دەکات بۆ ئەوەی وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی وەزارەتی کارەبا و پۆلیسی کارەبا بکەن و ئەو گرفتەی لە لیستی مووچەکانیان دروست بووە چارەی بکەن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی کوردستان24 کەوتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی تەممووزی 2024، لێژنەیەکی دیکەی چاودێری دارایی عێراق بۆ چارەکردنی پرسی لیستی مووچە مووچەخۆرانی وەزارەتی کارەبا دەگاتە هەولێر بۆ ئەوەی وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی وەزارەتەکە بکەن، کە بەهۆی جیاکردنەوە و گواستنەوەی مووچەی پۆلیسی کارەبا لەسەر وەزارەتی کارەبا بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دروست بووە، هەر ئەمەش هۆکار بووە لە تەمویلکردن و لیستی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکان، مووچەی مووچەخۆرانی وەزارەتی کارەبا تێدا نەبێت.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان ژمارەی ئەو پۆلیسانەی لەسەر میلاکی وەزارەتی کارەبا بوون و گواستراونەتەوە سەر وەزارەتی ناخۆ زیاتر لە 3678 پۆلیسە و کۆی مووچەکانیشیان زیاتر لە سێ ملیار دینارە، بڕیارە دوای تەواوکردنی وردبینییەکانی لیستی مووچە لە وەزارەتی کارەبا، لێژنەکە بۆ وردبینی لیستی مووچەخۆرانی پۆلیسی کارەبا بچنە وەزارەتی ناوخۆ لەوێش وردبینی بکەن، بۆ ئەوەی هەرچی زووە کێشە و گرفتەکان چارە بکەن و وەزارەتی دارایی عێراق مووچەکانیان بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لێژنەیەکی دیکەی وردبینی چاودێری دارایی حکوومەتی عێراق، لەوەزارەتی پێشمەرگە دەست بەکارەکانی وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و بڕیارە دوای تەواوبوونی کارەکان ڕاستەوخۆ وەزارەتی دارایی تەمویلی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە بخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
دوێنی سێشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی گەیشتنی 421 ملیار و 760 ملیۆن دینار وەکو تەواوکاری مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەرانی مەدەنی، خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانیشی بڵاوکردەوە و ئەمڕۆ و سبەی پێنجشەممە، جگە لە مووچەی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، لەم دوو ڕۆژەدا مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەت دابەش دەکرێن.