بێگەرد تاڵەبانی: لە بەروبوومی سامانی ئاژەڵ گەیشتووینەتە خۆ بژێوی

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کەرتی پەلەوەریدا لە پێداویستی بازاڕی خۆمان زۆر زیاترمان هەیە و دەتوانین هەناردەی بازاڕی عێراقی بکەین، لە بواری سامانی ماسیش هەنگاوی زۆرباشمان ناوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی تەمموزی 2024، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆدا هەنگاوەکانی پەرەپێدانی کەرتی سامانی ئاژەڵ بەگشتی دەستی پێکردووە و توانیومانە قۆناغێکی باش ببرین، ئومێد دەکەین لەسەر سیاسەتی پەرەپێدانی ئەم کەرتە هەنگاوی گەورەتر بنێین.

ئەو وەزیرە دەڵێت، "لەبەشێکی زۆری بەروبوومەکانی سامانی ئاژەڵی گەیشتووینەتە خۆبژێوی کە یەکێکە لە دەسکەوتە گرنگەکان بۆ ئەوەی بتوانین، دەستەبەری ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان بکەین".

ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەش دا، "پلانی پەرەپیدانی ئەم کابینەیە بەهەموو سێکتەرەکان و شێوازێک کە گرتوویەتییەبەر، دەتوانم بڵێم ئێستە لە کەرتی پەلەوەریدا لە پێداویستی بازاڕی خۆمان زۆر زیاترمان هەیە و دەتوانین هەناردەی بازاڕی عێراقی بکەین، لە بواری سامانی ماسیش هەنگاوی زۆرباشمان ناوە، هەروەها لە بواری ئاژەڵی کاوێژکەر کە بەرهەمی شیریش دەدەنە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، توانیومانە هەنگاوی باش بنێین".

بیگەرد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، "هەموو ئەو کەسانەی سەرمایەدارن و دەیانەوێ لە کەرتی کشتوکاڵ سەرمایەداری بکەن، بەتایبەت لە بواری سامانی ئاژەڵ، دەرفەتی کاری زۆرمان هەیە، کە دەتوانم بڵێم دامەزراندنی بەشێک لەو کارگانە کە خواستی هەرێمی کوردستانە لە ناو خودی هەرێمی کوردستاندا بازاڕی سەرجەم عێراق نەک تەنیا کوردستان، ئێستە بەشێکی زۆری عێراق ئەو بەرهەمانە هاوردە کاری ئەو بەرهەمانەیە کە پێویستی پێیەتی بەتایبەت بەرهەمی سامانی ئاژەڵ".

Fly Erbil Advertisment