چیڕۆکی ئەو گەنجەی باسی ڕێگەی هەندەرانی بۆ سەرۆکوەزیران کرد

کوردستان24 چیڕۆکى ئەو گەنجە باس دەکات کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان باسى لە ئاستەنگییەکانى ڕێگەى هەندەران کرد و سەرۆکى حکوومەت داواى لێ کرد کە باس لە چیرۆکى خۆى بکات و باسى ئەو گرفتانە بکات کە لە کاتى هەوڵدان بۆ چوونە ئەورووپا بەسەرى هاتووە.

وەلید ئازاد، ئەو گەنجەى کە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە کاتى دیدارى لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکى پارێزگاى سلێمانى باسى لە چوونى گەنجان بۆ وڵاتانى ئەورووپا کرد. لە ساڵى 2021 دووجار ڕێگەى چوونی بۆ هەندەران تاقیکردووەتەوە؛ جارێک بۆ ماوەى شەش مانگ لە تورکیا بووە و جارێکى دیکەش بۆ ماوەى حەوت مانگ لە بیلاڕوسیا بووە؛ بەڵام لە هەردوو جارەکە تووشى گرفت بووە بە تایبەت فێڵى قاچاخچییەکان .

وەلید بەم شێوەیە باسی چیڕۆکەکەی دەکات، "هەندێک جار قاچاخچییەکان ئێمەیان دەفرۆشتەوە بە وەجبەیەکی تر، من نزیکەی شەش مانگ کە لەتورکیا مامەوە دوای ئەوە گەڕامەوە، چونکە هیڕ بڕە پارەیەکم پێ نەما ئاستەنگییەکی زۆر کەوتە سەر خێزانەکەم لە دوای ئەوەی کە من گەڕامەوە ساڵێک دوای ئەوە چووم بۆ بیلاڕووسیا. من نزیکەی حەوت مانگ لەوێ مامەوە سێ مانگ و نیو من لەناو کامپی بیل ڕووس بووم کە هیچ خواردنێکی وامان نەبوو؛ بەیانیان دوو پسکیتیان دەداینێ لەگەڵ کوپێک چاو بۆ نیوەڕوانیش قاپێک شۆربایان پێ دەداین".

وەلید ئازاد بڕیارى داوە ژیانێکى نوێ لە کوردستان دەست پێ بکات و پەرە بەو بوارە بدات کە کارى تێدا دەکات ئەویش بوارى فیلم و درامایە؛ بۆیە هیوادارە هاوکارى بکرێت لە بەرهەمهێنانى فیلمێک کە باس لە گرفتەکانى ئالودەبوونى گەنجان  بە ماددەى هۆشبەر دەکات لەگەل ئەوەشدا ئامۆژگارى تایبەتى بۆ گەنجان هەیە .

ئەو بە گەنجان دەڵێت، "ئەگەر لێرە کارێکی باشیان هەیە بژێوی ژیانیان دەڕوات، وڵاتی خۆیان جێ نەهێڵن، چونکە بەجدی هیچ شتێک وەک ئەم وڵاتە جوان و خۆش نییە".

چیرۆکی ژیانی وەلید لە ڕێگەی هەندەران هاوشێوەی هەزاران گەنجی دیکەیە، بەڵام کاتێک کە ئەو ڕێگەیە هەڵدەبژێرن بۆیان دەردەکەوێت کە ئەورووپا ئەو بەهەشتە نییە کە لێرەوە وێنای دەکرێت و گەنجان ئەگەر بیانەوێت دەتوانن لە وڵاتی خۆیان درێژە بەژیانی خۆیان بدەن و دەستیان هەبێت لە ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێش ردنی هەرێمی کوردستان.

Fly Erbil Advertisment