بڕیارێکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لەبارەی بەناوکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون جێبەجێ دەکرێت

K24 – هەولێر:
ئەوانەی یەکەی نیشتەجێبوونیان هەیە و تا ئێستە وێنەی تۆمارییان نییە، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان یەکە نیشتەجێبوونەکانیان بەناو دەکرێت.
بڕیارێكی دیكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كە لە بەرژەوەندیی دەیان هەزار كەسدایە بۆ ئەوانەی یەكەی نیشتەجێبوونیان هەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا وێنەی تۆماریان نییە، جێبەجێ دەكرێت. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی وەبەرهێنانیش ڕێنمایی پێویست دەدەنە دامودەزگەكانی شارەوانی و وەبەرهێنان بۆ هەنگاوەكانی داهاتووی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت.
چوارشەممە،10ـی تەمموزی 2024، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، وۆركشۆپێكی تایبەت بە جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە -632- لە 3/3/2024، سەبارەت بە كردنەوەی یەكەیەكی تایبەت لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان بەمەبەستی تۆماركردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان و تایبەتەكان بەڕێوەچوو.
لە وۆركشۆپەكە چەند پرۆگرامێك پێشكەش كران، لەوانە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان بە ژمارە (632) كە لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەرچووە لە بەرژەوەندیی دەیان هەزار كەسدایە ڕەهەند و ئامانجەكانی شی كرانەوە. هەروەها ئەو هەنگاوانەی تاوەكوو ئێستا لە چوارچێوەی بڕیارەكەدا كاریان لەسەر كراوە، لەگەڵ هێنانەكایەی یەكەیەكی یەكخستن و جیاكردنەوەی پرۆژە نیشتەجێبووەكان لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان، لەگەڵ شێوازی كاركردنی لیژنە و یەكەكانی پەیوەست بەو بڕیارە تاوتوێ كران.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وتاریان پێشكەش كرد و باسیان لە گرنگیی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت و جێبەجێكردنی كرد بەمەبەستی تۆماركردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان كە بە دەیان هەزار كەس لەو بڕیارە سوودمەند دەبن.
هاوکات ئامانجی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەتیان شی كردەوە و ڕێنمایی پێویستیان خستەڕوو سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێكردن و هەنگاوەكانی دواتری بە جۆرێك لە بەرژەوەندیی ئەو كەسانەدا بێت بڕیارەكە دەیانگرێتەوە.