دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی: تیمێکی وردبینمان لە هەرێمی کوردستانە

باڵەخانەی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی
باڵەخانەی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی

K24 - هەولێر:

دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی ڕایگەیاند: دەستیان بە پرۆسەی وردبینی کردنی میلاک و مووچەی فەرمانبەرانی شارستانیی و سەربازیی هەرێمی کوردستان کردووە.

دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و بۆ تەواوکردنی پابەندییەکانیان هەروەک لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023 هاتووە، دەستیان بە پرۆسەی وردبینی کردنی میلاک و مووچەی فەرمانبەرانی شارستانیی و سەربازیی هەرێمی کوردستان کردووە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا هاتووە: تیمێکی چاودێری دارایی لە ڕۆژی چوارشەممە، 10ـی تەمموزی 2024، بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە کاری چاودێری و وردبینی کردنی میلاک و مووچەی سەربازیی و شارستانی لە هەرێمی کوردستان.

هاوکات، دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی باسی لەوەش کردووە: تاوەکوو ئێستا ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بە مەبەستی سەرخستنی ئەو پرۆسەیە.

پێشتریش کوردستان24 بڵاوی کردەوە: ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی تەمموزی 2024، شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی سەردانی هەولێری کرد و لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەستی کردووە بە وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.

ئەمە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەوان هەموو داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراقیان جێبەجێ کردوون، بەڵام مووچەی هێزە ئەمنییەکان هەر جارەو بەبیانووی جیاواز نانێردرێت.

 

Fly Erbil Advertisment