ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیشتە هەولێر

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.
نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەبارەی پەرەسەندنی گرژییەكانی پەكەكە و سوپای توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان؛ لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.
چوارشەممە، 10-07-2024، بە سەرپەرشتی محەممەد شییاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق؛ ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لەشکرکێشی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان ڕەت کرایەوە و ئەنجوومەنەكە داوای لە تورکیا کرد ڕەچاوی بنەماکانی درواسێتیی باش بکات.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە ناردنی شاندێک بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بنێرێتە هەولێر بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی دۆخی ئەمنی ناوچە سنوورییەکان بكەن.
لە بەرامبەردا یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی سوورە لەسەر دروستکردنی ڕێڕەوێکی ئەمنی بە قووڵایی 30 بۆ 40 کیلۆمەتر بە درێژایی سنوورەکانی لەگەڵ عێراق و سووریا.
پێشتر ئیبراهیم سومەیدەعی، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاندبوو، توركیا لە هێرشەكانی بۆ سەر پەكەكە لە سنووری هەرێمی كوردستان، هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەیە.
پەرەسەندنی گرژییەكانی پەكەكە و توركیا لە سنووری ھەرێمی كوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێوە، بوونی پەكەكە بیانوی زیاتر بە توركیا دەدات، بە جۆرێک كە ڕۆژ بە ڕۆژ خاڵ و بنکەی سەربازیی زیاتر جێگیر دەکات.
ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تاوەکوو ئێستا بەردەوامە؛ ئەو ڕێکخراوە لەلایەن عێراق، تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە بە "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" ناسێندراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش، لە ئەنجامی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی، زیاتر لە 60 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.