لە ئەنقەرە پێشانگەیەکی تایبەت بە کاری دەستی و هونەریی بۆ ئافرەتان کرایەوە
لە ئەنقەرە، پێشانگەیەکی تایبەت بە کاری دەستی و هونەریی خانمان کرایەوە، بەشێک لەو ئافرەتانەی کارەکانیان لە پێشانگەکە نمایش کردووە، خانەنشینن، بەڵام دوای بەشدارییان لە خولێکی ڕاهێنان، خۆیان فێری کاری دەستیی کردووە، بۆ ئەوەی بەم تەمەنەوە بێکار نەبن.
پێشانگەیەکی تایبەتە بە ئافرەتانی ئەنقەرە، ساڵانە بە کردنەوەی خولی تایبەت بە کارە دەستییەکانی وەک درومان و وێنەکێشان، کاری ئەو ئافرەتە دەست ڕەنگینانە نمایش دەکرێت، کە حەزیان لە هونەر و کاری دەستییە، شارەوانی ئەنقەرە بە کردنەوەی 85 سەنتەری فێرکاری لە 16 قەزای ئەنقەرە بۆ ئافرەتان خزمەتگوزاریی بێبەرانبەر پێشکەش دەکات، بۆ ئەوەی زیاتر بەشداری ژیانی کۆمەڵایەتی بکەن و ئارەزووی خۆیان بۆ زانست و هونەری و ڕۆشنبیری زیاد بکەن.
بەتوول کاڵکان، مامۆستای وێنەکیشانە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "فێرخوازەکانمان لە تەمەنی 18 ساڵ تا 80 ساڵین، کۆرسەکانمان هەفتەی یەک ڕۆژە و 6 کاتژمێر کاریان لە گەڵ دەکەین، یەک ساڵ ڕاهێنانیان پێ دەکەین و فێر دەبن، ئەو تابلۆیانەی لێرەن بەرهەمی یەک ساڵ بەشدارییانە لە کۆرسەکان".
بەهار چێکرک، مامۆستای چاودێرە و دەڵێت: "شارەوانی، شوێن و مامۆستای بێبەرانبەر بۆ خانمان دابین دەکات، خانمەکانیش بەپێی داهاتی خۆیان هەڵیدەبژێرن بەشداری کام کۆرسە دەکەن، ئەوەی پێویست بێت بۆ کارەکەیان خۆیان دەیکڕن".
کاری دەستی، جیهانێکی خەیاڵی و ڕەنگاوڕەنگە کە گوزارشت لە جوانی ڕۆحی مرۆڤ دەکات. پێشانگەکە چەندین بەرهەم لە مۆزایکەوە تا زێڕنگەری، نیگارکێشان جل و ئیکسیسوارتی تایبەت بە خانمانی تێدایە کە سەرجەمیان ئەو کارانەن کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن فێرخوازەکانە دروستکراون".
عایشە تووکەر، "لە جیاتی ئەوەی لە ماڵەوە دابنیشین فێری هونەرێک دەبین، هاوکات دوورمان دەخاتەوە لە سترێس و هەمیش فێری هونەرێک دەبین، ئەمە زۆر باشە."
سەرجەم بەرهەمە دەستییەکانی ناو ئەم پیشانگایە کاری دەستی و هونەری دەستیی ئافرەتانن، کە لە لایەن شارەوانیی ئەنقەرەوە ساڵانە خۆلی ڕاهێنانی بێبەرانبەریان لەلایەن مامۆستایانی بە ئەزموونەوە دەکرێتەوە تا بتوانن پەرە بە کارە دەستیەکانیان بدەن و بژیویی ژیانیان لەم ڕێگەیەوە دابین بکەن.