مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکان پێکەوە خەرج دەکرێت

وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی دا.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لە دوای پەیوەندیی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-07-2024، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان درا".
دوێنێ چوارشەممە، 10-07-2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەبارەی پرسی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تەلەفۆن پەیوەندی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
هاوکات، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت، "بەم زووانە کێشەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان چارە دەکرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بوو، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردبوو.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.