سامان عاره‌ب: له كابینه‌ی نۆیه‌مدا 89 مۆڵه‌ت به پرۆژه گه‌شتیارییه‌كان دراوه

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر ئاماژه به‌وه ده‌كات، له ساڵی 2023 و تا نیوه‌ی ئه‌م ساڵ پرۆژه گه‌شتیارییه‌كان به پله‌ی دووه‌م زۆرترین مۆڵه‌تیان پێ دراوه؛ ده‌شڵێت، به‌شێكی پرۆژه‌كان ته‌واو بوونه.
ڕۆژی هه‌ینی 12ـی ته‌ممووزی 2024، سامان عاره‌ب، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر به كوردستان24ـی گوت، كار له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژانه ده‌كه‌ن كه پرۆژه‌ی ستراتجین و په‌ره به ژێرخانی گه‌شتیاریی ده‌ده‌ن.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له سنووری هه‌ولێر سه‌رمایه‌گوزاری له پرۆژه‌كان 12 ملیار دۆلار تێپه‌ڕاندووه، هاوكات 9 ملیار دۆلارییان تایبه‌تن به گه‌شتیاریی و كۆی پرۆژه‌كانی ئه‌م كه‌رته‌یش 89 پرۆژه بووه.
سامان عاره‌ب سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، به‌شێكی ئه‌و پرۆژانه ته‌واو بوونه و به‌شێكیشیان له قۆناغی جێبه‌جێكردندان و به‌شێكی دیكه‌یش له قۆناغی ڕێكاره‌كانی ته‌رخانی زه‌وی و پێدانی مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێناندان.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، له كابینه‌ی نۆیه‌مدا 170 مۆڵه‌ت بۆ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنانی دراوه كه سه‌رمایه‌گوزارییه‌كه‌ی 12 ملیار دۆلاره، له كاتێكدا كۆی سه‌رمایه‌گوزاری له‌و بواره‌دا له‌وه‌ته‌ی دروستبوونی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان 44 ملیار دۆلاره.
ڕۆژی 17ـی نیسانی 2024، سامان عاره‌ب به كوردستان24ـی گوت، پشتگیریی ڕاسته‌وخۆی خودی وه‌به‌رهێنه‌ران له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی هه‌بووه له‌سه‌ر پرۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها سامان عاره‌ب گوتی: "به‌هۆی سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زۆرترین ڕێژه‌ی وه‌به‌رهێنان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق، له هه‌رێمی كوردستان بووە".
پێشتریش سامان عاره‌ب ڕایگه‌یاندبوو، سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان و ئاسانکاریی لە یاساکانی وەبەرهێنان وای کردووە، زۆرترین ڕێژەی وەبەرهێنان و پرۆژەی ستراتیجیی لە هەرێمی کوردستان بکرێت.