سلێمانی.. شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی کۆبوونەوە
K24 – سلێمانی:
شاندێکى وەزارەتى نەوتى عێراق لە سلێمانى کۆبوونەوەیەکى هاوبەشى لەگەڵ کۆمپانیاى تۆتاڵى فەڕەنسى کرد بە مەبەستى بەڕێوەبەردنى هاوبەش بۆ پڕۆژەى گازى یەکگرتوو، بە تایبەت لە کێڵگەى نەوتى ئەڕتاوى کە دەکەوێتە پارێزگاى بەسرەوە، یەکێک لە بریکارانى وەزارەتى نەوتى عێراق دەڵێت: بەم پڕۆژە و پڕۆژەکانى دیکە، عێراق دەتوانێت بگاتە قۆناغى خۆبژێوى لە گازدا.
باسم محەممەد، بریکارى وەزارەتى نەوتی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:"پڕۆژەی پەرەپێدانی گاز لە کێڵگەی ئەڕتاوی ئەو پڕۆژەیەیە کە ئەمڕۆ لەسەری کۆبووینەوە، تەنیا ئەم پرۆژەیە نییە بەڵکو خواستێکی زۆر لەلایەن دەوڵەتەوە هەیە بۆ پرۆژەی نوێ لە سەرجەم ئەو پارێزگایانەی کە بەرهەمی نەوتیان هەیە".
هاوکات ڕاشیگەیاند: "سەرکەوتووبووین وەکو وەزارەتی نەوت لە قۆناغی پێنجەم و قۆناخی شەشەم لە 13 کێڵگە بانگهێشتی سەرجەم کۆمپانیا جیهانییەکان دەکەین، بۆ بەرهەمهێنان لە ناوخۆی عێراق کە ژینگەیەکی وەبەرهێنانی باشی هەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە بەشێک لە کۆمپانیا جیهانییەکان لە عێراق کار دەکەن، ئەمەش گرنگە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری وڵات".
لە دووساڵی ڕابردوودا ئەو گازەی لە عێراق بەرهەم دەهات نیوەی دەسووتا بەڵام ئێستە 35%ـی دەسووتێ کە ئەمەش بە ملیۆنان دۆلار بۆ حکوومەت دەگەڕێنێتەوە ئەم پرۆژەیەش ڕێگرى لەو سووتانە بەردەوامەى گاز دەکات، ئێستە عێراق ڕۆژانە 500 بۆ 700 ملیۆن پێ سێجا گاز لەئێران هاوردە دەکات، بەڵام پلان هەیە تا ساڵی 2028 هاوردەکردنی گاز بۆ عێراق نەمێنێت.
لای خۆیەوە عیزەت سابیر، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى گاز، بە کوردستان24ـی گوت: "شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان ناوچەیەکە قبووڵی هەموو کۆمپانیایەکی جیهانی دەکات کۆبوونەوەی لێبکات و وەبەرهێنانی تیا بکات ئەم کۆبوونەوەیە گرنگییەکەی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە ئەم پڕۆژەیە چوار پڕۆژەی گشتگیرە هەر هەمووی هاوڕێی ژینگەیە بەرهەمهێنانی کارەبا 1000 مێگاوات لە وزەی خۆر، چارەسەر کردن و کەمکردنەوەی سووتانی 600 ملیۆن پێ سێچا لە گاز، دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ کێڵگە نەوتییەکان و پەرەپێدانی کێڵگەکە بۆ ئەوەی بگاتە 200 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. ئەمانە هەمووی داهات بۆ عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە زیاد دەکات ژینگە پاک دەکاتەوە و وزەی کارەبا زیاد دەکات".
زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز تا ئاستی خۆبژێوی ئامانجی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتی نەوتی عیراق و کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسییە، پەرەپێدانی پڕۆژەکانی نەوت و گاز لەڕێگەی گرێبەستێکی 27 ملیار دۆلار وادەکات عێراق لە داهاتوودا کەمتر پشت بە هاوردە کردنی گاز ببەستێت و پێداویستیەکانی بەو گازە پڕ بکاتەوە کە لەناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت.