بەهای تومەن بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

بەهای 100 دۆلار بۆ پێنج ملیۆن و 780 هەزار تومەن دابەزی.

بەهای تومەن بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو گۆڕانە سیاسییەی کە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی ئێران هاتووەتە ئاراوە.

ئێستە بەهای 100 دۆلار بەرامبەرە بە پێنج ملیۆن و 780 هەزار تومەنی ئێرانی، ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهای 100 دۆلار گەیشتبووە حەوت ملیۆن تومەن.

بەرزبوونەوەی بەهای تومەن پەیوەندی بە چاوەڕوانیی بازاڕەکان هەیە بۆ داهاتووی دۆخی سیاسیی ئەو وڵاتە، بەشێوەیەک، چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ دەست بەکار بوونیدا، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، دەست بە جێبەجێ کردنی پلانەکانی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی سزا ئابوورییەکان بکات.

بەڵام بەشێک لە شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو لەبەردەم چەندین ئاڵەنگاریدایە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو پلانەی، بەوهۆیەوە پێ ناچێت بتوانێت گۆڕانی بنەڕەتی لە دۆخی ئابووری وڵاتەکە بکات.

Fly Erbil Advertisment