یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران: پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ ئیندۆنیزیا دەدەین

سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران جەخت لەوە دەکاتەوە، پەیوەندییەکی باشی ئابووریی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیندۆنیزیادا هەیە و لە داهاتووشدا پەرە بەو پەیوەندییانە دەدەن.
یەکشەممە، 14-07-2024، مستەفا ڕەحمان، سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان و سارتۆنۆ هێندرارسۆ، کونسوڵی بازرگانی و جێگری باڵیۆزی ئیندۆنیزیا لە عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسیان لە چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا کرد.
سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، "زۆرێک لە ئەندامانمان مامەڵەی تەواو لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئیندۆنیزیا دەکەن و زۆرترین کاڵای هەمەجۆری ئەو وڵاتە دەهێننە هەرێمی کوردستان".
بە گوتەی مستەفا ڕەحمان، "ئیندۆنیزیا یەکێکە لە وڵاتە پیشەسازییانەی توانیویەتی کاڵای بە کوالیتیی بەرز بەرهەم بهێنێت، لە هەمان کاتدا وڵاتێکە دەیەوێت لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان مامەڵەی ئابووریی زیاتری هەبێت".
سەرۆکی گشتیی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوام هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە داوە و "دەمانەوێت کاڵای کوالیتیی بەرز بە شێوەیەکی یاسایی بهێتە نێو هەرێمی کوردستان".