ئەمساڵ ڕووبەرێکی فراوانی گەرمیان بە برنج داچێندراوە

داچاندنی برنج لە گەرمیان
داچاندنی برنج لە گەرمیان

K24 – هەولێر:

جووتیارانی گەرمیان لەم وەرزەی چاندنی برنجدا زیاتر لە دوو هەزار و 500 دۆنم زەوییان بە برنج داچاندووە و چاوەڕێ دەکرێت زیاتر لە 1500 تۆن برنج بەرهەم بێت.

لەلایەن خۆیەوە، ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە: "جووتیاران زیاتر لە 2500 دۆنم زەوییان بە مەرەزە چاندووە، لە تێکڕای هەر دۆنم زەوییەک، زیاتر لە 700 کیلۆ برنجمان دەست دەکەوێت".

هەروەها عەبدوڵڵا محەممەد، جووتیارێکی ناوچەی گەرمیانە و دەڵێت: "پاڵپشتییەکانی حکوومەت بۆ کەرتی کشتوکاڵ و زۆریی ئاوی ئەمساڵ، وای کردووە دەست بە چاندنی مەرەزە بکەین، باشیی بەرهەمەکە دەبێتە هۆی ئەوەی لە هەموو شار و ناوچەکاندا بفرۆشرێت".

سەرباری قەیرانە دارایی و ئابوورییەکان، پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی کشتوکاڵ بەردەوامە و بەرهەمە ناوخۆییەکانی بەرەو زیادبوون بردووە؛ وای کردووە بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی جووتیاران خێراتر بێت.

بەپێی ئامارەکان لە ساڵی 2023 بەرهەمی برنج لە هەرێمی کوردستان، گەیشتبووە 17 هەزار و 428 تۆن؛ لەو بڕە 23 هەزار تۆن هەناردەی دەرەوەی وڵات کراوە.