ئیسپانیا بۆ جاری چوارەم بووە پاڵەوانی یۆرۆ

هەڵبژاردەی ئیسپانیا شكستی بە ئینگلاند هێنا و بۆ جاری چوارەمین لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی یۆرۆ، رۆدری ناوەراستكاری ماتادۆرەكان بە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەكە دیاریكرا.
لە یاریی كۆتایی یۆرۆی 2024 لە یاریگەی ئۆڵمپی بەرلین هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئینگلاند بەیەكگەیشتن، لە نیوەی یەكەم هیچ لایەك نەیانتوانی بەربەستی یەكسانبوون بشكێنن، بەڵام لەگەڵ دەستپێكی نیوەی دووەم لە خولەكی 47 نیكو ولیامز گۆڵی یەكەمی ئیسپانیای تۆمار كرد، بەڵام لە خولەكی 73 كۆڵ پاڵمێر دوای هاتنە نێو یاریگە ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە، بەڵام لە كۆتاییەكانی یارییەكە میكێل ئۆیارزابێڵ گۆڵی دووەمی ئیسپانیای تۆمار كرد و ماتادۆرەكانی وڵاتەكەی كردە پاڵەوانی یۆرۆی 2024.
نیكۆ ویلیامز ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە پیاوی یاریی كۆتایی یۆرۆی 2024 دیاریكرا، یامین لامال بە باشترین یاریزانی لاوی پاڵەوانێتییەكە دەستنیشان كرا، دانی ئۆڵمۆ بە 3 گۆڵ خەڵاتی گۆڵكاری یۆرۆی پێبەخشرا.


