مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە هەژماری من تۆمار دەکرێن

K24 – کەرکووک:
مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە پارێزگای کەرکووک لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار دەکرێن و داواش کراوە لە بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوودمەند بن.
ڕۆژی (15ـی تەمموزی 2024) کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تیمەکانی پرۆژەی هەژماری من سەردانی قوتابخانەکانی کەرکووک دەکەن بۆ تۆمارکردنی مامۆستایانی خوێندنی کوردی و چاوەڕی دەکەن لە چەند ڕۆژێکدا، هەموو مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار بکرێن.
لەبارەی ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی مووچە، کامەران عەلی جەختی کردەوە: کە بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من لە گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکووک ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) و بنکەیان کردووەتە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا، مامۆستایانی خوێندنی کوردی بە ئاسانی بتوانن مووچەکانیان ڕابکێشن.
هاوکات کامەران عەلی ڕاشیگەیاند، وەزارەتی پەروەردە نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە تاوەکوو لە بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک و خورماتووش سوودمەند بن و بەپێی میکانیزمێک لە سنووری شارەوانییەکانی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەوییان پێ بدرێت.
بهپێی ئامارەکانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، تاوهكو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر، خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.
ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکوو ئێستا هەشت بانکە و هەریەکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی (بانكێكی لوبنانییه)، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکیی ئیسلامیی عێراقی، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) لەخۆ دەگرێت.