وەزیری دارایی: کاری جددیمان بۆ بەهەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست کردووە

وەزیری دارایی و نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست
وەزیری دارایی و نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست

K24 – هەولێر:

وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست کۆبۆوە و ڕایگەیاند، کاری جددیمان بۆ بەهەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست کردووە.

ڕۆژی دووشەممە (15ـی تەمموزی 2024) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، لە دیدارەکەدا وەزیری دارایی تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی وەزارەت و لێژنەی باڵای ئەنجوومەنی وەزیران کە لە ڕۆژی (8ـی ئایاری 2024) بە مەبەستی گەڵاڵەکردنی بڕیارێکی دروست لەبارەی بەهەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە ڕووی یاسایی و کارگێڕیی و داراییەوە پێکهێنراوە تا بتوانن هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەکانیان پارێزراو بێت.

لەماوەی ڕابردوو لێژنە باڵاکە کۆبوونەوەی خۆیان کردووە و لە ئێستا دۆسیەکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی ڕاژە کراوە بۆ ئەوەی ڕێکارە هونەریی و کارگێڕییەکان تەواو بکرێت، ڕونیشیکردەوە وەک وەزارەتی دارایی هەمیشە داکۆکیکار و پشتیوانی فەرمانبەرانی گرێبەست بوونە و لە ماوەی ڕابردووش هەرچی پەیوەست بووبێت بە وەزارەتەوە کاری خۆیان لەسەر کردووە، هاوکات لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن بۆ تەرخان کردنی دارایی و دیاریکردنی میلاکاتی پێویست لەسەر ئاستی وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان.

Fly Erbil Advertisment