لە ئەمەریکا کلۆنکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان لە پەرەسەندنە و کۆمپانیاکان بە فەرمی بانگەشەی بۆ دەکەن

K24 – هەولێر:

پرۆسەی کلۆنکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان (لەبەرگرتنەوە لە ڕێگەی بۆهێلەکان بەبێ زاوزێ) لە جیهان پەرەی سەندووە و کۆمپانیایەکی ئەمەریکیش دوای سەرکەوتنی لە چەند نموونەیەک، بە فەرمی بانگەشە بۆ کلۆنکردنی سەگ، پشیلە و ئەسپە خۆماڵییەکان دەکات.

وەک لە ماڵپەڕی کۆمپانیای بایۆتەکنەلۆجی (viagen.pets) کە بارەگاکەی لە ویلایەتی تێکساسە، ئاماژەی بەوەکردووە: نرخی کلۆنکردنی سەگ و پشیلە 50 هەزار دۆلارە و نرخی کلۆنکردنی ئەسپیش دەگاتە 85 هەزار دۆلار.

پرۆسەی کلۆنکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان خواستی لای ئەو کەسانە هەیە کە زۆر هۆگری ئاژەڵەکانیان بوونە و دەیانەوێت دوای لەدەستدانی ئەو ئاژەڵە ماڵییەی هەیانە، لەو رێگەیەوە ئاژەڵێکی دیکە بە هەمان سیفەت و شێوەی بەدەست بهێننەوە، ئەویش لە ڕێگەی هەڵگرتنی هەمان دی ئێن ئەی لە ئاژەڵە ڕەسەنەکە.

لەبارەی هەنگاوەکانی کلۆنکردنی ئاژەڵە خۆماڵییەکان، کۆمپانیاکە بۆ خوازیارانی ئەوەی خستووەتەڕوو، دەتوانێت ئەوکاتەی هێشتا ئاژەڵەکانیان زیندووە یان ڕاستەوخۆ دوای مردنیان، دەست بە پرۆسەی کلۆنکردنیان بکەن، ئەویش لە رێگەی وەرگرتنی بەشێکی کەم لە پێستی ئاژەڵەکە کە تەواوی بۆهێلەکانی لەخۆگرتبێت بۆ دروستکردنی خانەیەک پیتێندراو کە دوای چەند مانگێک دەبێتە بێچووێکی هەمان ئاژەڵ کە خاوەنی هەمان دی ئێن ئەین.

هەرچەندە ئەم پرۆسەیە بەبێ زاوزێکردنە بۆ دروستکردنی ئەو خانە پیتێندراوە کە هەڵگری هەمان ئاژەڵی ڕەسەنە کە کلۆن دەکرێت، لەنێو ڕەحمی ئاژەڵێکی هاوشێوەی خۆی دادەنرێت تا ئەوکاتەی لەدایک دەبێت و بەهۆی هەڵگری هەمان دی ئێن ئەیەکان، دەبێتە کۆپییەکی تەواو لێكچووی ئاژەڵە ڕەسەنەکەیە و لە ڕووی بایۆلۆجی و سیفەتە بۆماوەییەکانەوە، هیچ پەیوەندییەکی بەو ئاژەڵەوە نییە کە لەنێو ڕەحمی دانراوە.

پێشتریش لە ساڵی 1996 مەڕێک بەناوی "دۆڵی" بە سەرکەوتوویی کلۆن کرا و لە چینیش هەولی کلۆنکردنی مەیموونێک بەناوی "ماکاک" درا کە زاناکانی ئەو وڵاتە دەیانەوێت لە  لە توێژینەوەی نەخۆشییە بۆماوەییەکانی مرۆڤدا بەکاری بهێنن، هەرچەندە لە بەشێک لە وڵاتە ئەورووپییەکان ڕێگەپێنەدراوە، بەڵام لە 2006ـەوە لە ئەمەریکا، کلۆنکردنی ئاژەڵەکان بووەتە بەشێک لە کاری توێژینەوەی تاقیگە و سەنتەرە زانستییەکان.

Fly Erbil Advertisment