مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان

مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکان، خرایە سەر هەژمارەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و سبەی دەست بە دابەشکردنی دەدرێت.
سێشەممە، 16-07-2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مووچەی دوو مانگی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، خرایە سەر هەژمارەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، بڕیارە سبەی چوارشەممە 17ی تەممووزی 2024، دەست بە دابەشکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش بکرێت.
لە دوای پەیوەندیی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە، 11-07-2024، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە درا.
چوارشەممە، 10-07-2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەبارەی پرسی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تەلەفۆن پەیوەندی لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بوو، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردبوو.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.