ئەو گۆرانیەی لە ئاهەنگەكانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەكارهات هەرای ناوەتەوە

ئاهەنگی یاریزانانی ئەرجەنتین دوای ئەوەی بوونە پاڵەوانی كۆپا ئەمریكای 2024
ئاهەنگی یاریزانانی ئەرجەنتین دوای ئەوەی بوونە پاڵەوانی كۆپا ئەمریكای 2024

دروشمە رەگەزپەرستییەكەی ئینزۆ فێرناندێز لە سۆشیاڵمیدیا بووەتە ترێند و زۆرترین كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، چەندان یاریزانی لە پلاتفۆرمەكان ئەنفۆڵۆی ئەو یاریزانەیان كردووە و فیفاش بەخێرایی لێكۆڵینەوەی لەسەر یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەست پێ كردووە، لە لایەكی دیكەیشەوە ئێنزۆ فێرناندێز دەڵێت: من هەڵە بوومە و داوای لێبوردن دەكەم، ئەم قسانەش رەنگدانەوەی ناخ و كەسایەتی من نییە.

ئەو گۆرانییەی هەرای نایەوە
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بووە پاڵەوانی كۆپا ئەمریكا لە كاتی ئاهەنگێرانەكاندا دروشمی رەگەزپەرستیان بەكارهێناوە و بە گۆرانی گاڵتەیان بە یاریزانە ئەفریقییەكانی هەڵبژاردەی فەرەنسا كردووە و گوتویانە: هەموو ئەوانەی یاریی بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا دەكەن ئەنگۆلین، دایكیان خەڵكی نێجیریایە و باوكیان كامیرۆنییە، پاسپۆرتەكەشیان فەرەنسییە.
دواتر ڤیدیۆی ئاهەنگەكانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە ئینستاگرامی ئینزۆ فێرناندێزی ناوەراستكاری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی چێڵسی بڵاوكرایەوە، ئەمەش گۆمەكەی شلەقاند و كاردانەوەی توندی بە دوای خۆیدا هێنا.

.

 

هەڵمەتی ئەنفۆلۆكردنی ئینزۆ دەستی پێ كرد
لە خێراترین كاردانەوەدا هەر 3 یاریزانی فەرەنسی یانەی چێڵسی ئاكسێل دیساسی، مالۆ گوستۆ و وێسلی فۆفانا لە ئینستاگرام ئەنفۆلۆی ئێنزۆ فێرناندێزیان كرد، بە گوێرەی رۆژنامەی سەنی بەریتانیاش، یانەی چێڵسی بە نیازە لەسەر ئەو قسانە سزای ئینزۆ فێرناندێز بدات، تەنانەت هەڕەشەی دەركردنیشی لە یانەكە لەسەرە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنساش هاتنە سەر هێڵ و لە فیفا سكاڵای لەسەر ئینزۆ فێرناندێز تۆمار كردووە و داوای لە یانەی چێڵسیش كردووە بە توندترین شێوە سزای ئەو یاریزانە بدات. 
لە لایەكی دیكەیشەوە، فیفا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند لێكۆڵینەوەیان لەسەر ئەو دروشمانە دەست پێ كردووە كە لە ئاهەنگەكانی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا بەكارهاتووە.

نامەی پەشیمانی ئینزۆ فێرناندێز
ئینزۆ فێرناندێز پلاتفۆرمی X و ئینستاگرام نامەیەكی پەشیمانی بڵاوكردووەتەوە و داوای لێبوردن لە هەموو كەسانە دەكات كە دڵی رەنجاندوون و نووسیویەتی: 
🔹من دەمەوێت لە دڵەوە داوای لێبوردن بکەم بۆ ئەو ڤیدیۆیەی، کە لە ئینستاگرامەکەمدا لە کاتی ئاهەنگەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانیدا بڵاوکرایەوە.
🔹گۆرانییەکە زمانێکی زۆر زبری تێدایە و بە هیچ شێوەیەک بڵاوکردنەوەی ئەم وشانە هیچ بیانوویەك هەڵناگرێت.
🔹من دژی جیاکاری بە هەموو شێوەیەک وەستاوم و داوای لێبوردن دەکەم، کە خۆشحاڵی ئاهەنگەکانی کۆپا ئەمریکا مەستی کردبووم.
🔹ئەو ڤیدیۆیە، ساتەوەختەکەی و وشەکان، رەنگدانەوەی بیروباوەڕی من و نە کارەکتەری من نین. بەڕاستی داوای لێبوردن دەکەم.

نامەی داوای لێبوردن و پەشیمانی ئینزۆ فێرناندێز
نامەی داوای لێبوردن و پەشیمانی ئینزۆ فێرناندێز

 

Fly Erbil Advertisment