لەماوەی دە رۆژدا، نزیکەی 92دۆلار لە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەتەوە

زێڕ
زێڕ

جارێکی دیکە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی کوردستان بەرزبووەوە و ئێستا لە بەرزترین ئاستی نرخدایە لە مێژوودا.

ماوەی نزیکە دە رۆژە بەبەردەوامی نرخی زێڕ لەبازاڕی زێڕنگرانی هەولێر بەرز دەبێتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی جموجۆڵێکی زۆر لە بازاڕی زێڕنگراندا بۆ کڕین و فرۆشتن. هەندێک لەو هاووڵاتییانەی پێیان وایە بۆ لەمەودوا نرخی زێڕ زیاتر بەرز دەبێتەوە، زێڕی زیاتر دەکڕن و هەڵی دەگرن بۆ ئەوەی کاتی زیاتربوونی نرخەکەی بیفرۆشنەوە و قازانجی تیادا بکەن.

عەبدوڵڵا ئەکرەم موستەفا، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ پەیوەستە بە نرخی بۆرسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهاندا، و دەڵێت: کێشە سیاسییەکان و ئاڵۆزییەکانی جیهان لەسەر خستنەڕووی زێڕ، کاریگەریی لەنرخی زێڕ دەکات، لەهەر جەنگ و ئاڵۆزییەک پەنا بۆ کڕینی زیاتری زێڕ دەبردرێت، هەر کاتێک خستنەڕوو زیاد بوو، نرخ بەرز دەبێتەوە. ئەو هەروا گوتی: لەماوەی دە ڕۆژدا نزیکەی 92دۆلار لە نرخی هەر ئۆنسەکی زێڕ بەرزبووەتەوە کە دەکاتە نزیکە سێ هەزار دۆلار بۆ هەر کیلۆیەک.

دەشڵێت: ئاڵۆزی و کێشەکان لەسەر ئاستی جیهاندا، کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ دەکات لە بۆرسەی جیهانیی، لە کاتی نا جێگیربوونی نرخی زێڕ، خەڵک کەمتر زێڕ دەکڕێت، هەر کاتێک نرخ جێگیر دەبێت خەڵک زیاتر زێڕ دەکڕێت.

گوتی: ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە بازاڕی زێڕنگرانی هەولێر 520 هەزار دینارە، دەستهەقیش بۆ هەر مسقاڵێک 50 هەزار دینارە، ئاماژە بەوە دەکات کە، بەگشتیی جیهان لە دڵەڕاوکێیە لە نرخی ناجێگیری زێڕدا.