سامان بەرزنجی: "هەژماری من" ئەزموونێکی سەرکەوتووە

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: جێگەی خۆشحاڵییە کە زۆرینەی پزیشک و کارمەندانی وەزارەتیان خاوەنی "هەژماری من"ـن، هاوکات شانازی دەکات لەوەی پرۆسەی خۆتۆمارکردن بۆ هەژماری من، یەکەم جار لە نەخۆشخانەیەک دەستی پێ کرد.

چوارشەممە (17ـی تەمووزی 2024) سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەژماری منەوە گوتی: "شانازی دەکەین کەوا ئەزموونی پرۆسەی هەژماری من، وەک تەکنەلۆجیای نوێی بانکیی سەردەمیانە هاوشێوەی وڵاتان، بۆ یەکەم جار سەرکەتووانە لە ساڵی ڕابردوو لە نەخۆشخانەیەک دەستی پێ کرد".

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد: جێگای خۆشحاڵیە کەوا زۆرینەی پزیشک، کارمەند و فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی خاوەنی "هەژماری من"ـن و بەبێ کێشە ئاسودە و سوودمەندن لە بەکارهێنانی لەهەر شوێنێک بێت؛ تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش لەکاتی گەشت کردنیشدا.

به‌پێی ئامارەکانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تاوه‌كو ئێستە زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر، خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.

ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکوو ئێستە هەشت بانکە و هەریەکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی (بانكێكی لوبنانییه‌)، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکیی ئیسلامیی عێراقی، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB)  لەخۆ دەگرێت.

Fly Erbil Advertisment