زانا جەبەلی: میوزیکی فیلم و دراما لە کوردستان گەشەی کردووە

هونەرمەند و بەرهەمهێنێکی میوزیک، کە ئێستا لە خولێکی نێودەوڵەتیی بۆ میوزیکی فیلم و دراما و یاریی(گەیم) لە بولگاریا بەشداریی کردووە، ئاماژە بەوە دەکات، ئێستای فیلم و دراماکانی کوردستان هەستیان بە گرنگیی کاریگەریی میوزیک کردووە، بۆیە خەریکە ئەو ئەو پرسە لە هەرێمی کوردستان پێش دەکەوێت.
چوارشەممە، 17ـی تەممووزی 2024، زانا جەبەلی، هونەرمەند و بەرهەمهێنی میوزیک بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو خولەی بەشدارییم تێدا کردووە، لەلایەن ئەکادیمیای هونەری ئەورووپایی لە ڤارنای بولگاریا ڕێکخراوە و دەیەمین ساڵە بەردەوامە و وڵاتان و نەتەوەی جیا جیا بەشداریی تێدا دەکەن.
جەبەلی دەڵێت: خولەکە تایبەتە بە دانانی میوزیک بۆ فیلم و دراما و یاریی(گەیم)، کۆمەڵێک مامۆستا کە میوزیکیان بۆ چەندین فیلمی جیهانیی و هۆلیۆد داناوە، بۆ 24 ڕۆژ وانەی تایبەت بە دانانی میوزیک بۆ فیلم دەڵێنەوە. دەشڵێت: پێویستە هەر بەشداربووێک چوار ڕۆژ جارێک میوزیکێک بنووسێتەوە کە لەلایەن ئۆرکێسترای ڕادیۆی سۆفیا لە بولگاریا دەژەندرێت، ژەنیارییەکانیش میوزیکی ئێمەی کورد بەشێوەی ڕاستەخۆ، دەژەنن، زانا ڕایگەیاند: دوا پرۆژە، پێویستە بەشداربووانی خولەکە میوزیکێک بۆ سەرجەم ئامێرەکانی ئۆرکێسترا بنووسنەوە.
زانا جەبەلی گوتی: لە کارەکانی دراما و فیلم شارەزاییمان زۆرە، بەتایبەت لەبواری میوزیک. بەڵام پێویستە ئاگەداری تەکنەلۆجیاکانی جیهان بین لەبواری میوزیکدا. گوتیشی: لە نزیکەی 16 وڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک هونەرمەند و میوزیکژەنێکی کورد بەشداریی لەخولە نێودەوڵەتیەکە کردووە. جەبەلی ڕایگەیاند: مامۆستاکانی خولەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، کورد خاوەنی فەرهەنگ و میوزیک و میلۆدیی زۆر دەوڵەمەندە، دەشڵێت:
ئیێە بە میوزیک گوزارشت لە وێنە دەکەین و میوزیک بۆ هەستەکان دەنووسرین، هەوڵ دەدەین بۆن و تامێکی کوردی بخەینە نێو فیلمەکان.