دەروازەی ئیبراهیم خەلیل؛ ئەمساڵ ڕێگریی لە هێنانی 10 هەزار تۆن کەلوپەلی جۆراوجۆر کراوە
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕێگریی لە هێنانی 10623 تۆن کەلوپەل کراوە کە لە پشکنینی تاقیگەیی دەرنەچوون و زۆربەیان لە کەلوپەلی تەندروستی و خواردن و خواردنەوە پێکهاتبوون.
17ـی تەمموزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ 1/1/2024 تاوەکوو 30/6/2024، 10 ھەزار و 623 تۆن كهرهستهى جۆراوجۆر له تاقیگه و لێژنە پەیوەندیدارەکانیان پەسەند نەکراون و زۆرینەشیان گهڕێندراونهتهوه و بهشێكیشیان لهنێو براون.
لەبارەی هۆکارەکانیش ئاماژەی بەوە کردووە: ئەو کەلوپەلانەی گەڕێندراونەتەوە یان لەنێو براون، لەگهڵ ڕێنماییهكانى حكوومهتى ههرێمى كوردستان نهگونجاون و کە پێكهاتبوون له کەلوپەلی تهندروستى، خواردن و خواردنهوه، کۆزماتیک، ڤێتەرنهرى، چاندن و بیناسازى.
دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی بووەتە هۆی بە یەکەوە بەستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەورووپاوە، ئەوەش پێگەیەکی بازرگانیی و ستراتیجیی گەورەی بە دەروازەکە بەخشیوە.
ئەم دەروازەیە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت و بە سەرەکیترین دەروازەی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دادەنرێت و هاوکات دەروازەکە جگە لە هەرێمی کوردستان، بۆ زۆرینەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق کەلوپەلی جۆراوجۆری لێوە هاوردە دەکرێت.