10 هەزار کارتۆن چپسی پەتاتەی کوردستان ھەناردەی سعوودیە و ئوردن کرا
K24 – هەولێر:
ھەرێمی کوردستان پرۆسەی بە بازاڕکردنی بەرھەمی چپسی ھەرێمی کوردستانی لە دەرەوە ڕاگەیاند بۆ یەکەم جار 10 ھەزار کارتۆن چپسی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی وڵاتانی سعوودیە و ئوردن کرا.
ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەرەدانی زیاترە بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی لە پێناو بووژانەوەی بەرھەمی ناوخۆ و بە بازاڕ کردنی.
یەکێکە لە کارگە ناوخۆیەکانی ھەرێمی کوردستان کە چپسی پەتاتە بەرھەم دەھێنێت، زیاتر لە 400 کرێکار لەم کارگەیە ھەلی کاریان بۆ ڕەخساوە کە 75%ـی دەستی کاری ناوخۆن و بە بەردەوامیش دەرفەتی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت. هاوکات لە 60%ـی کارمەندانی کارگەکە لە ڕەگەزی مێن و دەرفەتیان لە لایەن قایمقامییەتی قوشتەپەوە بۆ ڕەخسێنراوە کە کار بکەن.
بۆیەکەم جارە لە سنووری قەزای قوشتەپە جپسی پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئوردن و سعوودیە بکرێت، پەرەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵ فاکتەرێک بووە بۆ زیادکردنی بەرهەمی پەتاتە و هەناردەکردنی چپس بۆ دەرەوەی وڵات، ھەنگاوێکی گەورەشە بۆ پێشخستنی کەرتی وەبەرھێنان و بەرھەمی ناوخۆ.
لە قۆناغی یەکەمدا، بڕی هەناردەکراو بریتی بوو لە 10 هەزار کارتۆن و بە پێنج بارهەڵگر هەناردەی هەر یەک لە ئوردن و سعوودیە کرا.