نازم محەممەد: تا ئێستە 177 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لە دهۆک وەرگیراوە

نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک
نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک دەڵێت: جووتیارانی پارێزگەی دهۆک 189 هەزار تۆن گەنمیان بۆ دیاریکراوە، لەو بڕەش تا ئێستە 177 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە.

نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بارانبارینی ئەم دواییانە وایکرد زیانێکی زۆر بەر گەنم بکەوێت و بەشێکی لە گەنمی جووتیاران بەهۆی زیانەکانی بارانبارینەوە ڕەتکراونەتەوە.

بەڕێوەبەری سایلۆکانی دهۆک، ئاماژەی بەوە کرد: جووتیارانی پارێزگەی دهۆک 189 هەزار تۆن گەنمیان بۆ دیاریکراوە، لەو بڕەش تا ئێستە 177 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە.

ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە 700 هەزار تۆن دیاری کراوە، لە ڕێژەیەش 228  هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەولێر، 282 هەزار تۆن بۆ پارێزگای سلێمانی و 189 هەزار تۆنیش بۆ پارێزگای دهۆک.

ڕۆژی (19ـی حوزەیرانی 2024) کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساڵانە تا نزیکەی 40 بۆ 45 ڕۆژ دەرگای سایلۆکان واڵا دەبێت بۆ ئەوەی جووتیاران بێن و گەنمەکانیان ڕادەست بکەن، بەڵام ئەگەر بینیمان پێویست دەکات، وادەی گەنم وەرگرتن درێژ دەکەینەوە.

باسی لەوەش کرد، بەرهەمی ئەمساڵی جووتیاران بە گشتیی باش بووە، گەنم دەبێت چەند تایبەتمەندێکی هەبێت، ئینجا لە سایلۆکان وەردەگیرێت، ئەگەر ئەو تایبەتمەندییانەی نەبێت وەرناگیرێت و ڕەت دەکرێتەوە. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، پێوەرەکان بۆ وەرگرتنی گەنم، دەبێت گەنمەکە هی ئەمساڵ بێت و مێروو لێی نەدابێت.

Fly Erbil Advertisment